ئاوارەکانی سوریا دوای بومەلەرزە تورکیا جێدەهێڵن

بەسەدان ئاوارەی سوری کە لە تورکیا دەژین، دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، تورکیایان جێهێشتووە و چوونەتەوە سوریا.
جەیمز گریگوری رۆژنامەنووس بی بی سی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی تورکیا رێگەی بە ئاوارە سوریەکان داوە کە دوای بومەلەرزەکە تورکیا جێبهێڵن و بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
ئەو رۆژنامەنووسە، لەو شارانەی کە بومەلەرزەکە زیانێکی زۆری پێگەیاندوون، چاوی بە ژمارەیەک ئاوارەی سوریا کەوتووە و دەڵێت، ” ئاوارە سوریەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە دوای بومەلەرزەکە رێژەی توندوتیژی لەبەرامبەریان زیادی کردووە.”
ئاوارەیەک بە جەیمز گریگوری راگەیاندووە، دوای بومەلەرزەکە هیچ شوێنێک نییە کە تێیدا بژین، چەندین جار هەوڵیانداوە، پەناگەیەک بدۆزنەوە، بەڵام هاوڵاتیانی تورکیا لە هەموو شوێنێک دەریان دەکەن و پێیان دەڵێن، پێویستە وڵاتەکەمان جێبهێڵن.
ئاژانسی فرانس پرێسیش لەبارەی ئەم پرسەوە لێدوانی ژمارەیەک ئاوارەی سوریای وەرگرتووە. ئاژانسە باسی ئەوە دەکات کە ئاوارە سوریەکان دوای بومەلەرزەکە جارێکی دیکە ئاوارە بوونەتەوە و لە مزگەوتەکانیشدا جێگەیان نابێتەوە. بۆیە هەوڵ دەدەن هەرچۆنێک بێت، بگەڕێنەوە سوریا.
بەگوێرەی دوایین ئامار، لە سوریا نزیکەی پێنج هەزار و ٨٠٠ کەس لە بومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە تورکیاش پێشبینی دەکرێت هەزار و ٥٠٠ ئاوارەی سوریا لەنێو ئەو کەسانەدا بن، کە لە باکوری کوردستان و سوریا گیانیان لەدەستداوە.

Back to top button