ئایا جیاوازی لە نێوان هێلکەی سپی و قاوەیدا هەیە؟

پسپۆڕێکی خۆراک رایدەگەیەنێت، لە رووی بەهای خۆراکییەوە هیچ جیاوازییەک لەنێوان هێلکەی سپی و قاوەیدا نییە، باشی جۆری هێلکە پەیوەندیی بە خۆراکی مریشکەکەوە هەیە.
کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک جیاوازییەکانی بەمجۆرە خستووەتە ڕوو:
یەکەم:هیچ جیاوازییه‌ک نییه‌ له‌ ڕووی زانستی خۆراکه‌وه‌ له‌ نێوان هێلکه‌ی سپی و قاوه‌یی، هه‌مان بڕی وزه‌ و کۆلیستڕۆڵ و پڕۆتین و کانزا و ڤیتامینه‌کانی تێدایه، به‌ڵام باشی جۆری هێلکه‌ په‌یوه‌ندی به‌ عه‌لف و خۆراکه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ مریشکه‌که‌ ده‌یخوات و ئه‌و پێکوتە و مادده‌ دژه‌ هه‌وکردنانه‌ی وه‌ریده‌گرێت.
دووەم: ره‌نگی هێلکه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ڕه‌نگی ئه‌و پارچه‌ گۆشته‌ی گوێی مریشکه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ڕه‌نگی سپی بوو ئه‌وا هێلکه‌ی سپی ده‌کات ئه‌گه‌ر سووربێت هێلکه‌ی قاوه‌یی ده‌کات، بەهەمان شێوە هۆکاری ژینگه‌ و خۆراک و ته‌مه‌نی مریشک کاریگه‌ریی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌و مریشکه‌ی هێلکه‌ی قاوه‌یی ده‌کات ئه‌گه‌ر پیر بوو ئه‌وا هێلکه‌ی سپی ده‌کات.
سێیەم: هێلکه‌ی قاوه‌یی نرخی گرانتره‌ به‌ شێوه‌یه‌کی گشتیی چونکه‌ خواردن زیاتر ده‌خوات و کێشی زۆرتره‌ و به‌خێوکردنی گرانتره‌.
سەبارەت بە هێلکەی دوو زەردێنە ئاشکرایکردووە، هێلکه‌ی دوو زه‌ردێنه‌ بڕی ڤیتامین دی و ئۆمێگا سێی تێدایه‌ که‌ بۆ ته‌ندروستی باشه‌، لەگەڵ ئەوەشدا بڕێکی زیاتر کۆلیستڕۆڵی تێدایه‌ که‌ زیانی هه‌یه، ‌به‌ڵام هه‌ردوو جیاوازییهکە‌ زۆر که‌من، زیانی راسته‌قینه‌ی هێلکه‌ی دوو زه‌ردێنه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گۆڕانکاری له‌ چینی مریشک و جۆری په‌روه‌رده‌کردنی، چونکه‌ بێ ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ مریشک به‌ به‌رده‌وامی هێلکه‌ی دوو زه‌ردێنه‌ بکات.

Back to top button