ئایا زیرەکی دەستکرد مەترسییە لەسەر هەژمارەکانمان؟

وشەی نهێنی یەکەم خاڵی بەرگرییە لە دەستگەیشتن بە هەژمار و ئامێر و فایلە چالاکەکان، وەکو دەزانین وشەی نهێنی بەهێز یارمەتی پاراستنی داتاکان دەدات هەتا وشەی نهێنی بەهێزتر بێت داتاکان پارێزراوتر دەبن.

بەپێی هەواڵێکی تەکنەلۆجی ماڵپەڕی سکای نیوز عەرەبی، بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە رەنگە ئەو وشەی نهێنییەی کە پێتوایە بەهێزە بەس نەبێت بۆ پاراستنی داتا و زانیارییەکانت، پێشکەوتنەکانی زیرەکی دەستکرد ترسی دەستبەسەرداگرتنی وشە نهێنییەکانی دروستکردووە کە رەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی داتاو زانیاریەکان و تەنانەت موڵک و سامانیش.

لەتاقیکردنەوەیەکدا بۆ پێشبینیکردنی وشە نهێنییەکان لەسەر بنەمای “AI” بەناوی “PassGAN” توانی لەماوەی کەمتر لە یەک خولەکدا ٥١٪ی وشە نهێنییە باوەکان ئاشکرا بکات، ئەوەشخراوەتەڕوو هەر وشەیەکی نهێنی کە تەنها لە ١٢ پیت و ژمارە پێک هاتبێت لەماوەی کەمتر لە ٢٥ چرکەدا دەتوانرێت ئاشکرا بکرێت، بەڵام بە بەکارهێنانی پیتی گەورە و بچووک لە وشەی نهێنیدا ٢٨٩ ساڵی دەوێت هەتا ئاشکرای بکات.

ئاماژەبەوەشکراوە، ئەگەر وشەیەکی نهێنی پیتی گەورە و بچوک و ژمارە و هێماکان لەخۆ بگرێت ئەوا توانیوتە ژمارە نهێنییەکەت لەدەست زیرەکی دەستکرد بەدرێژایی سی هەزار ساڵ بپارێزیت.

عاسم جەلال راوێژکاری زانستە کارگێڕییەکان لەبواری تەکنەلۆجیای زانیاریدا باسی لەوەکردووە، لەماوەی رابردوودا هاککردن و دەستبەسەرداگرتنی وشەی نهێنی ئاسان بوو چونکە ئەم بابەتە پەیوەستبوو بە سنورداری ژمارەکان لەمەودای دیاریکراودا، هەتا ژمارەی نهێنی پیت و ژمارە و هێمای زیاتر لەخۆ بگرێت ئەوا ئاڵۆزتر دەبێت و بەئاسانی ناتوانرێت دەستی بەسەردا بگیرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەساڵانی رابردوودا داوایانکردووە ژمارەی نهێنی لەهەشت یەکە پێکبێت و ژمارە و هێما و پیتی گەورە و بچوک لەخۆ بگرێت، چونکە ئەمە بەبەهێزترین وشەی نهێنی لەقەڵەم دەدرێت چونکە هاککردن و دەستبەسەرداگرتنی وشەیەکی نهێنی لەمشێوەیە لەماوەکانی پێشتردا ساڵانێکی زۆری پێویست بوو، بەڵام لە ئەگەری پێشکەوتنی دیجیتاڵی ئەمڕۆدا رەنگە ئەو پرۆسەیە نیو کاتژمێر بخایەنێت.

Back to top button