ئه‌م 7 ڕه‌فتاره‌ واز لێبهێنه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گورچیله‌كانت له‌كار نه‌كه‌ون

له‌ ڕۆژانه‌ى ژیانماندا، زۆر جار چه‌ند ڕه‌فتارێكى خراپ و زیانبه‌خش به‌ لاشه‌مان ده‌كه‌ین كه‌ ده‌بنه‌ هۆكار بۆ تێكچوونى بارى ته‌ندروستیمان به‌ بێ ئه‌وه‌ى به‌خۆمان بزانین، له‌وانه‌ش خراپبوونى گورچیله‌كان.

ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ خراپترین ئه‌و كارانه‌ن ده‌بنه‌ خراپبوونى گورچیله‌كان:

كه‌م خواردنه‌وه‌ى ئاو:

گورچیله‌كان كار له‌سه‌ر پاككردنه‌وه‌ى خوێن له‌ ژه‌هره‌كان و پیساییه‌كان ده‌كه‌ن..كاتێك وه‌ك پێویست ئاو ناخۆینه‌وه‌، ژه‌هره‌كان كۆ ده‌بنه‌وه‌ و ده‌بنه‌ هۆى زیانى زۆر له‌ لاشه‌ى مرۆڤ.

خوێی چێشت:

ئه‌گه‌ر بڕێكى زۆر له‌ خوێ به‌كار بهێنین، ئه‌وكات فشارى خوێن زیاد ده‌كات و له‌ئه‌نجام فشار بۆ سه‌ر گورچیله‌كان زیاد ده‌بن. بۆیه‌ پزیشكه‌كان ئامۆژگارى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ نابێت خواردنه‌كانمان له‌ 5 گرام زیاتر له‌ ڕۆژێكدا، خوێیان تێ بكرێت.

میزكردن:

زۆر كه‌س گوێ به‌وه‌ نادات له‌كاتى پێویستدا سه‌ردانى سه‌رئاو بكات بۆ ئه‌وه‌ى فشارى سه‌ر گورچیله‌كان كه‌م بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆى زیان گه‌یاندن به‌ گورچیله‌كان و ڕه‌نگه‌ له‌ ئه‌نجام ببێته‌ هۆى په‌ككه‌وتنیان، یان درووستبوونى به‌ردى گورچیله‌.

كه‌مى ڤیتامین و كانزاكان:

خواردنى میوه‌ و سه‌وزه‌ فرێشه‌كان زۆر گرنگه‌ بۆ ته‌ندروستى مرۆڤ، به‌تایبه‌ت بۆ كارى گورچیله‌كان، چونكه‌ كه‌مى ڤیتامین B6 و مه‌گنسیۆم ، مه‌ترسییه‌كانى درووستبوونى به‌ردى گورچیله‌ و له‌كاركه‌وتنى گورچیله‌كان، زیاتر ده‌كات.

خواردنى بڕێكى زۆر له‌ پرۆتینی ئاژه‌ڵى:

زۆرخواردنى پرۆتین، به‌تایبه‌ت گۆشتى سوور، قورسایی سه‌ر گورچیله‌كان زیاتر ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌ تێپه‌ڕبوونى كات، ده‌بێته‌ هۆى تێكدانیان یان درووستبوونى كێشه‌.

كه‌مى خه‌و:

كه‌م خه‌وتن بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ درووستبوونى نه‌خۆشى، له‌وانه‌ش نه‌خۆشكه‌وتنى گورچیله‌كان، چونكه‌ له‌كاتى شه‌واندا گورچیله‌ كار له‌سه‌ر چاككردنه‌وه‌ى خانه‌ خراپبووكانى له‌ش ده‌كات.

به‌كارهێنانى ده‌رانى ئازارشكێن:

زۆرێك له‌ خه‌ڵك بڕێكى زۆر ده‌رمانى ئازاربڕ به‌كار ده‌هێنن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئازارێكى كه‌میشى هه‌بێت، كه‌ چى زۆر چاره‌سه‌رى دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ى ده‌رمان به‌كار بهێنرێت.. به‌كارهێنانى بڕێك زۆر له‌ ده‌رانى ئازاربڕ، ده‌بێته‌ هۆى تێكچوونى گورچیله‌كان و جگه‌ریش.

Back to top button