ئومێد خۆشناو: رێگه‌ نادرێت به‌بۆنه‌ی گه‌شت و سه‌یران و مانگی ره‌مه‌زان نرخی كاڵا به‌رز ببێته‌وه‌

پارێزگاری هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، تیمه‌كانی چاودێری بازاڕ رێگه‌ به‌ فرۆشتنی كاڵای به‌سه‌رچوو ناده‌ن و لێپێچینەوەی پێویستیش له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نرخی كاڵاكان به‌هۆی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه‌ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند:” له‌ هه‌ر شوێنێك كاڵای ماوه‌به‌سه‌رچوو هه‌بێت، تیمه‌كانی چاودێری بازاڕ ده‌ستی به‌سه‌رداده‌گرن و له‌مانگی ره‌مه‌زاندا هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ زیاتر ده‌بێت، له‌كاتی ئاماده‌كاری بۆ ئه‌و مانگه‌ پیرۆزه‌، بڕیاردرا تیمه‌كان كاره‌كانیان چرترده‌كه‌نه‌وه‌”.

له‌باره‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كاڵا له‌مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز گوتی: “هه‌ر كاتێك داواكاری له‌سه‌ر كاڵا زیاتربێت، نرخ به‌رز ده‌بێته‌وه‌، دووباره‌ له‌ رێگه‌ی تیمه‌كانی چاودێری بازاڕ، چاودێری نرخ ده‌كرێت، دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ رێگه‌ به‌وه‌ نادرێت، به‌بۆنه‌ی گه‌شت و سه‌یران و هه‌روه‌ها ده‌ستپێكی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز نرخی كاڵای رۆژانه‌ به‌رز ببێته‌وه‌”.

ئەوەشی خستە روو: “ناتوانیین لێپێچینەوە له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار كاڵاكان نرخیان به‌رز ده‌بێته‌وه‌”.

Back to top button