ئومێد سەباح: کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە کەشێکی ئەرێنی کۆتایی هات

ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدای پایتەختی عێراق چەند زانیارییەكی لەبارەی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند.
د. ئومێد سەباح، ئەندامی شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: “ئەمرۆ یەکشەممە ٢٠٢٣/٢/١٢ لە بەغدا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبووینەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆمان دەربارەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز کرد و پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێممان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە پێشکەشی وەزارەتی نەوتی عیراق کرد.”
ئەوەشی ئاشكرا كردووە: “هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیار درا درێژە بە کۆبوونەوەکان بدرێت تا دەگەین بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دیاری کرا بۆ کۆبوونەوە.

Back to top button