ئۆجەلان چۆن ناوی دامەزرێنەری پەكەكەی لێنرا؟

((خۆر))- شاڵاو عەلی

ئەو پەكەكەیەی ئێستا بە دروستكراوی دەستی عەبدوڵا ئۆجەلان وەسف دەكرێت، پێشتر لە لایەن كۆمەڵێك چالاكوان كە كەسانی نیشتمانپەروەریشیان لەنێودا بووە، لە ١٩٧٨ یەكەمین كۆنگرەی خۆی بەستووە.

باس لەوە دەكرێت تا ساڵی ١٩٧٩ كە یەكەمین كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی حزبەكە لە ئورفە كرا، ئۆجەلان تەنیا لە بازنەیەكی زۆر تەسك و لە سنووری ئەنقەرە ناسراوە و تەنانەت دامەزرێنەرانی پەكەكەش كە هەتا ئەوكاتە ناوی حزبەكەشیان بە تەواوی یەكلا نەكردبووەوە، نەیانناسیوە.

ئەوەی یەكەمینجار ئۆجەلانی وەك پاڵەوانی دامەزرێنەری پەكەكە ناساند، رۆژنامەی ئەیندەلیك (Aydınlık)ی نزیك لە حكوومەتی ئەوسای توركیا بوو كە سەرنووسەرەكەی دوغۆ بریچاك بوو. پاشان میدیاكانی دیكەی توركیاش لەسەر هەمان سیاسەت بەردەوام بوون و ئۆجەلانیان وەك دامەزرێنەر و كەسی یەكەم و كۆتایی پەكەكە وێنا كرد.

دوغۆ بریچاك كەسێكی سەر بە ڕێكخستنی ئەرگەنەكۆنی توركیی توندڕەوی نەژادپەرست بووە كە بەرگرییەكی سەرسەختانەی لە ئاسایشی توركیا كردووە، بۆیە چاودێرانی بێلایەن ناچێتە عەقڵیان بەبێ هۆكار ئۆجەلانی وەك دامەزرێنەری پەكەكە وەسف كردبێت لە كاتێكدا دامەزرێنەرانی راستەقینەی حزبەكە كەسانیتر بوون.

تەنانەت باس لەوە دەكرێت كە لە كاتی دادگاییكردنی سەركردەكانی پەكەكە لە زیندانەكانی توركیا لە نێوان ساڵی ١٩٨٠ تا ١٩٨٢، سەرجەم سەركردەكانی ئەو حزبە ڕەتیان كردۆتەوە حزبەكەیان بە ناوی بزووتنەوەی ئاپۆچی یان ئاپۆچییەكان بناسێنن. تەنانەت مەزڵوم دۆغام، كەمال پیر، خەیری دۆرموش، عاگف یەڵماز، عەلی چیچەك و سەرجەم سەركردەكانیتری پەكەكە بە هێمای دواكەوتوویی وەسفیان كردووە.

لە كۆنگرەی سێیەمی پەكەكە و بە دیاریكراوی لە ١٩٨٦، ئۆجەلان توانی بە شێوەیەكی یەكجارەكی تا ئەمڕۆ دەست بەسەر پەكەكەدا بگرێت، لەمەشدا هەریەك لە جەمیل بایك و دۆران كاڵكان ڕۆڵیكی گەورەیان هەبوە و لە پێناوی ساخكردنەوەی پەكەكە لەسەر ئۆجەلان و ناونانی حزبەكە بە بزووتنەوەی ئاپۆچی، تا ڕادەی كوشتوبڕی ناوخۆیی دەستیان نەپاراستوە، هەروەك خودی ئۆجەلان لە ساڵی ٢٠٠٨دا ئاشكرای كردووە كە لە سەرەتای دامەزراندنی پەكەكەوە تا ئەو كاتەی زانیاری پێگەیشتووە، ١٥ هەزار كەس لە ئەنجامی تەسفیەی ناوخۆیی پەكەكە كوژراون.

Back to top button