ئیحسان شەمەری : نیەتی پارتی ڕاستگۆیانە بوو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق

ئیحسان شەممەری، سیاسەتمەداری دیاری عێراقی و سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق دەڵێت: سەرەڕای نیەتپاکیی ڕاستگۆیانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر بەغدا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی سودانی و ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کرابوو بەناوی ئیدارەی دەوڵەت و دواتر دانانی سێ سەرۆکاتییەکەی عێراق، ئێستا جۆرە کودەتایەک هەیە لەسەر ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی لە نێوان سەرۆک مەسعوود بارزانی و چوارچێوەی هەماهەنگی(ئیتاری تەنسیقی)کراوە.

ئیحسان شەممەری، ڕایگەیاند: ئەو کودەتایە کاریگەری لەسەر شایستەکانی کوردستان کردووە، حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکە بەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر ئاستی ژیان لە هەرێمی کوردستان کردووە، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێم پابەندە بە نێوەڕۆکی بودجەی ئیتحادی بە ڕادەستکردنی داهاتە نەوتییەکان بە وەزارەتی نەوتی عێراق و هەناردەکردن بەو ڕێگەیەوە، هەروەها داهاتەکانی دیکەش وەک گومرگ و دەروازەکان.

شەممەری، جێبەجێ نەکردنی ئەو ڕێککەوتنە بە مەترسی دەزانێت، گوتیشی: جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتن لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ئاماژەیەکی مەترسیدارە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی ئەجینداکانی بەشێک لە لایەنەکان لە عێراق بەڵام ناکرێت ئەمانە ببنە هۆکاری نە ناردنی شایستە و مافەکانی هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: هەموو ڕێککەوتنەکان دەبێت وەک خۆی جیبەجێ بکرێن لەوانەش ماددەی ١٤٠ و گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک بۆ ئەوەی مومارەسەی سیاسی خۆیان بکەن، جێبەجێ نەکردنی ئەم ڕێککەوتنە کاریگەری بەسەر دۆخی سیاسی عیراق دەبێت و دەبێتە هۆی لاوازبوونی متمانە بەم کابینەی حکوومەتەوە چونکە رێککەوتنەکان جێبەجی ناکات و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەرەو لەرزین و لەتبوون دەچێت.

Back to top button