ئێران بەهۆی نەبوونی کڕیار نەوتی خۆی بە هەرزان بە چین دەفرۆشێت

((خۆر))- هۆشیار عەلی

ئێران بەهۆی نەبوونی کڕیاری پێویست، نەوتی خۆی ٣ تا ٥ دۆلار کەمتر لە پێوانەی دیاریکراوی نەوتی خاوی برەنت بە چین دەفرۆشێت.

ماڵپەڕی “بلۆمبێرگ” ڕۆژی سێشەممە، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئێران بە فرۆشتنی نەوتی هەرزان بووەتە هۆی ئەوەی کە “ئۆپێک” نەتوانێت بەرنامەی خۆی بۆ پێدانی ڕێژەیەکی کەمتر لە نەوت بە بازاڕی جیهانی بەڕێوە ببات.

ئەو سنوورانەی کە ئۆپێک بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی خاو دیاریی کردووە، ئێران ناگرێتەوە.

بلۆمبێرگ لە زاری بازرگانان و شرۆڤەکارانی نەوتەوە نووسیویەتی کە چین ڕۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و گازۆیل لە ئێرانەوە هاوردە دەکات کە زۆرترین ڕێژەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا بووە.

بە وتەی بەڕێوبەرانی بازاڕی نەوت، نرخی نەوتی ئێران لە چین لە هەر بەرمیلێکدا لەنێوان ٣ تا ٥ دۆلار لەژێر پێوانەی نەوتی خاوی برەنتدایە، جیاوازییەک کە بووەتە هۆی ئەوەی کە شیرکەتە خۆجێییەکان بە سەرنجدان بە نرخە جیهانییەکانی نەوت دەستبەجێ هەوڵ بۆ کڕین و پاشەکەوتکردنی نەوتی ئێران بدەن.

Back to top button