ئێران هەڕەشە دەکات؛ هەرکەس دەستی لە کوشتنی سولەیمانی هەبێت سزادەدرێت.

یەکەم کاردانەوەی فەرمیی ئێران بە راپۆرتەکەی ماڵپەڕە ئەمریکییەکە لەبارەی چۆنیەتیی کوژرانی قاسم سولەیمان، هەڕەشەیەکی تووندە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، هەرکەس راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەستی لەو کوشتنە هەبێت باجەکەی دەدات.

 

سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە راپۆرتەکەی یاهوونیوز لەبارەی وردەکاریی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس رایگەیاند: “ئەو کەسانەی کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە هەر وڵاتێک بن و دەستیان لە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانیدا هەبووبێت، بێگومان بەرپرسایەتیی تاوانەکەیان لە ئەستۆدایە و لەڕێی رێکارە پەیوەندیدارەکانەوە رێکاری تایبەتی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر”.

 

خەتیبزادە لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو راپۆرتەدا دەڵێ: زۆربەی ئەو راپۆرتانە لای ئێمە ئاشکران و لە راستی و دروستییەکانیان دەکۆڵینەوە. رێڕەوی دۆسیەکە لە دەزگای داد و گفتوگۆ دوولایەنە سیاسی و ئەمنییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەدواداچوونی بۆدەکرێت.

 

ماڵپەڕی یاهوونیوز لە لە راپۆرتێکی تایبەتدا کە رۆژی شەممە بڵاوی کردەوە و وردەکاریی نوێ لەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە رۆژی 3ی ژانویەی 2020دا خستووەتەڕوو. 

 

بەپێی راپۆرتەکەش لانیکەم 4 ئەندامی دژە تیرۆری یەکێتی CTG هاوکاریی هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکایان کردووە و رۆڵی زۆر گرنگیان لە کوشتنی قاسم سولەیمانیدا هەبووە.

Back to top button