ئێران پلانی هێرشکردنە سەر ئەمریکای داڕشتووە

((خۆر))- ئاژانسەکان

دوو بەرپرسى هەواڵگرى ئەمەریکا ئاشکرایان کردوە کە سوپاى پاسدارانى ئێران پلانیان داڕشتووە بۆ کوشتنى بەرپرسێکى باڵاى سەربازى ئەمەریکا و هێرشکردنە سەر بنکەى فۆرت ماکنێرى نزیک واشنتۆن دى سى.

ئاژانسى ئاسۆشێتید پرێس لەسەر زارى دوو بەرپرسى هەواڵگرى ئەمەریکاوە هەواڵێکى بڵاوکردۆتەوە و رایگەیاندووە، ئاژانسى ئاسایشى نەتەوەیى ئەمەریکا مانگى کانوونى دوەم چەند بەڵگەیەکى خستووەتەڕو کە سوپاى پاسداران پلانى هێرشێکى داناوە تا لە کۆتایى ساڵى (2021) بیکاتە سەر بنکەى فۆرت ماکنێرى ئەمەریکا.

بە پێی وتەی ئەو دو بەرپرسەى هەواڵگرى ئەمەریکا، ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا وتووێژە تەلەفونییەکانی ئەندامانی هێزی سوپای پاسداران سەبارەت بەم بنکەیە بیستووە و بۆیان دەرکەوتووە فەرماندەکانی هێزی سوپا باسی هێرشەکانی “یو.ئێس.ئێس کوول” دژی بنکەی سەربازی فورت مەک نیر لە واشینتن دی سییان کردووە.

لەپاڵ ئەوەدا، ئەو دوو بەرپرسە هەواڵگرییە ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، پلانى کوشتنى جۆزیف مارتنى جێگرى سوپا سالارى ئەمەریکاش دانراوە.

بنکەى سەربازى فۆرت ماکنێر یەکێکە لەکۆنترین بنکەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و هەروەها بارەگاى جۆزیف مارتنیشە و ئەو مەترسیەش واى کردووە کە پارێزگارییەکى توندوتۆڵ بخرێتە سەر ناوچەکە.

Back to top button