ئێستا 18 برینداری ئاگره‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن

نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له‌ شاری ئه‌سته‌نبۆڵ ڕایگه‌یاند كه‌ ئێستا 18 برینداری ڕووداوی ئاگره‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، ئه‌مه‌ له‌كۆی 20 بریندار كه‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌یان كرابوون.

ده‌ریا بایه‌رلی گه‌وره‌ پزیشكانی نه‌خۆشخانه‌ی غازی عوسمان پاشا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: 20 برینداری ئاگره‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌مان كران، به‌داخه‌وه‌ له‌ 24 كاتژمێری یه‌كه‌می گه‌یشتنیان 2 له‌ برینداره‌كان گیانیان له‌ده‌ست دا، ئێستا 18 بریندار چاره‌سه‌ر ده‌كرێن كه‌ 11 له‌وانه‌ له‌ ژووری چاودێری چڕدان.

ڕاشیگه‌یاند: نیوه‌ی برینداره‌كان ڕێژه‌ی سووتاوییان له‌ سه‌رووی 40% ـه‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: شه‌ش له‌و بریندارانه‌ی كه‌ له‌ ژووری چاودێری چڕدان، هه‌ناسه‌ی ده‌ستكردیان بۆ دانراوه‌ و چاره‌سه‌رییه‌كه‌شیان كاتێكی زۆری ده‌وێ.

دواتر ئه‌حمه‌د عه‌دنان نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ قسه‌ی كرد و گوتی كه‌ پێداویستی ته‌واو بۆ چاره‌سه‌ری برینداره‌كان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ دابینكراوه‌.

گوتیشی: سه‌رجه‌می ئه‌و بریندارانه‌ی كه‌ ڕه‌وانه‌ی وڵاتی توركیا كراون به‌هۆی ئاڵۆزی و سه‌ختی برینه‌كانیان بووه‌ كه‌ پێویستییان به‌ چاره‌سه‌ری ورد هه‌بووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری هه‌ڵبژاردنی وڵاتی توركیا، ئه‌حمه‌د عه‌دنان گوتی: توركیا وڵاتێكه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ عێراق و هاوئاهه‌نگییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ ئاسانتره‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌ شه‌وی یه‌كه‌می كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌دا به‌شێك له‌ برینداره‌كان گواسترانه‌وه‌، به‌شێكی تریشیان دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌ك ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌ كران.

Back to top button