ئەمریکا دەست دەگرێت بەسەر دوو پێگەی ئەلیکترۆنی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقیدا

((خۆر))-ئاژانسەكان

وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، دەستیان گرتووە بەسەر دوو پێگەی ئەلیکترۆنی سەر بە گرووپی تیرۆریستیی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی بە ناوەکانی”r-m-n. net”و “زانیاری”.
کیڤن کۆرلاند، بەرپرس لە نووسینگەی پیشەسازی و ئاسایش گوتی، “بریکارە تایبەتمەندەکان هەموو کەرەستەیەکی بەردەست بەکاردەهێنن بۆ پاراستنی هاووڵاتییە ئەمریکییەکان، لەنێوانیاندا کارمەندانی خزمەتگوزاری سەربازیی ئەمریکا، لە دژی هەر کارێکی تیرۆریستی ئاراستەکراوە لەڕێگەی پێگەکانی ئینتەرنێتەوە”.
هەروەها گوتیشى، “بەردەوام دەبین لە لەکارخستنی ئەرکەکانی گرووپە تیرۆریستییە بیانییەکان، وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا، بۆ بەکارهێنانی ژێرخانە ئەلیکترۆنییە ئەمریکییەکان بەمەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا”.
جێی ئاماژەیە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کردووە. ئەمەش، بەهۆی ئەنجامدانی هێرش لە دژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە عێراقییەکان.

Back to top button