ئەمساڵ زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم ڕادەستی سایلۆکان دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، بەھۆی بارانی ئەمساڵەوە بەرھەمی گەنم زیاد دەبێت و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم ڕادەستی سایلۆکان بکرێت و ڕێژەیەکی زۆریش ڕادەست نەکرێت.

د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ،  ڕاگەیاند: “ساڵی ڕابردوو بەھۆی وشکەساڵییەوە لە ھەندێ ناوچەی ھەرێمی کوردستان ٦٠%ی بەرھەمی گەنم لەناو چوو، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی بارانی زۆرەوە بەرھەم بەرەو ھەڵکشانە و زۆر زیاتر دەبێت لە ساڵی ڕابردوو، عێراقیش پێشبینیی کردووە بەرھەمی ئەمساڵ بگاتە سێ ملیۆن  و ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم.”

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندان لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: “ئێمە پێشبینی دەکەین لەگەڵ کردنەوەی دەرگای سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنم زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم لەلایەن جووتیارانی ھەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی سایلۆکان بکرێت.”

د. زێدا محەمەد ڕوونی کردەوە: “ئەمساڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنم باشتر دەبێت لە ساڵانی ڕابردوو، لەبەر ئەوەی نرخی وەرگرتنی لەلایەن حکوومەتەوە باشە و ھەموو گەنمێکیش بە پلە یەک وەردەگیرێت، بەڵام پێشبینی دەکەین ڕێژەیەکی زۆری گەنم ڕادەستی سایلۆکان نەکرێت، بەگشتی ڕەوشی بەرھەمی گەنم زۆر باشترە لە ساڵی رابردوو، بارانی ئەمساڵ کاریگەریی ھەبووە.

Back to top button