ئەمساڵ پایتەختی نەورۆز جیاواز دەبێت

بڕیارە سبەی دووشەممە ٢٠/٣/٢٠٢٣ بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرچاو نەورۆزی ئاکرێ بەڕێوە بچێت و قایمقامی ئاکرێش دەڵێت، ئەمساڵ پایتەختی نەورۆز جەژنێکی جیاواز بەڕێوە دەبات و ئامادەکارییش بۆ ئاگری نەورۆز کراوە.

شەعبان بەرواری، قایمقامی ئاکرێ،  ڕاگەیاند: “پلان بۆ نەورۆزی ئەمساڵ دانراوە و بەیانیی ڕۆژی ٢٠ی ئادار بەپێی ئەو پلانەی ھەمانە، ڕێوڕەسمی ئاگری نەورۆز لە گردی ئاکرێ بەڕێوە دەچێت و ئامادەکاری زۆر باش بۆ پێشوازی لە نەورۆزی ئەمساڵ کراون، ھەر بە گوێرەی بەرنامەی ڕۆژانی نەورۆز سبەی ڕۆژی دووشەممە لەسەر گردی ئاکرێ ژمارەیەک خەتیر بە بۆنەی نەورۆزەوە بە ئاگر لەسەر گردی ئاکرێ ڕووناک دەکرێنەوە و لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر ئامادەکاریمان کردووە.”

قایمقامی ئاکرێ دەشڵێت: ”جگە لەو خەتیرانەی ئاگر لە وڵاتی تورکیاوە ھەندێ ڕووناکیمان ھێناوە ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو، سبەی ئێوارە شاری ئاکرێ ڕووناک دەکرێتەوە و جوانییەکی بێوێنە دەبەخشێتە شاری ئاکرێ.”

شەعبان بەرواری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران و ھاووڵاتییان لە ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێوارەی نەورۆز ڕوو لە شارۆچکەی ئاکرێ بکەن و ئامادەکاری بۆ پێشوازیی ھاووڵاتیان کراوە و دەزگە پەیوەندارەکان و لیژنەی ئەمنیی ئاکرێ لە خزمەت ھاووڵاتیان و میوانان دەبن بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش و بێکێشە بەڕێوە ببەن.

Back to top button