ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق: دەبێت زمانی کوردی لە هەموو فەرمانگەکان و سەر تابلۆکان لە پارێزگای کەرکووک بەکاربهێنرێت

ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ راکان جبووری دەڵێت، دەبێت زمانی کوردی لە هەموو فەرمانگەکان و سەر تابلۆکان لە پارێزگای کەرکووک بەکاربهێنرێت.

ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 20-02-2023 نووسراوێکی بۆ راکان جبووری، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک کردووە و داوا دەکات  زمانی کوردی لە هەموو فەرمانگەکان و سەر تابلۆکان لە پارێزگای کەرکووک بەکاربهێنرێت ئەوەش پاڵپشت بە راسپاردەکانی لیژنەی باڵای پەیوەندار بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاسای زمانە فەرمییەکان.

دەرکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە  لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە بەکارهێنانی زمانی کوردی لەو پارێزگایە لە لایەن کارگێڕییەوە بەردەوام سنووردار کراوە.

هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، جگە لە زمانی عەرەبی، دەبێت وەزارەتی پەروەردە پڕۆگرامی خوێندن بە هەردوو زمانی کوردی و تورکمانی لە قوتابخانەکان چاپ بکات کە خوێندن تیایاندا بە هەردوو زمانی کوردی و تورکمانییە؛ هەروەها دەبێت مامۆستای تایبەت بە زمانەکانی کوردی، تورکمانی و سریانی بۆ ئەو قوتابخانانە دابینبکرێن کە خوێندن تیایاندا بەو زمانانەیە.

هاوکات پێویستە ئەو فەرمانە کارگێڕیانەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای کەرکووک دەردەچن بە هەردوو  زمانی عەرەبی و کوردی بن.

ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق  جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت لەسەر تابلۆکانی دەرەوە و ناوەوەی فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگای کەرکووک سوود لە زمانی پێکهاتەکانی شارەکە وەربگیرێت.

بەپێی دەستووری عێراق، هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی زمانی فەرمیی دەوڵەتن و دەبێت لە نووسراوەکانی حکومەتدا هەردووکیان بەکاربهێندرێن.

Back to top button