ئەنجومەنی وەزیران هەر ڕێکارێکی جیاکاری لە دژی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی بودجەی فیدڕاڵیی ڕەت دەکاتەوە

بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر پێشهاتە پەیوەندیدارەکان بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و بەرپەرسیاریەتییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو ڕێککەوتنانەی واژۆ کراون جێبەجێ کردووە. بەڵام لە دەرەوەی دەستوور و ڕێککەوتننەکان، دەستکاری بابەتە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکان کرا کە لە ڕووی دەستووریەوە، گۆڕانکاریی لە ڕێکەوتننامەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێم ڕێگاپێدراو نییە.

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، کە لە کاتی جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی بودجە لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی، هەروەک سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڵێنیداوە، پێداچوونەوە بکات بە بڕگە و ماددە هەموار کراوەکان کە تا چەند لەگەڵ کارنامەی حکومەتی فیدرال دەگونجێن و تاچەند شایانی جێبەجێکردنن وپێویستە میکانیزمی شیاو بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم دابنرێت و هەر ڕێکارێکی جیاکاری لە دژی هەرێمی کوردستان ڕەت دەکەینەوە، چونکە هەرێم پابەندییە دەستوریەکانی خۆی بەجێگەیاندووە و هیچ بیانوو و پاساوێکیش بۆ هەر ڕێکارێکی جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەماوە، بە تایبەتیش پاساوی نەوت کە پێشتر هەمیشە دەکرایە بیانوو بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان وبێبەشکردنی لە شایستە داراییەکانی، بۆیە ئێستا ئەرکە لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی، یاسای بودجە جێبەجێ بکات و تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج بکات لە پێش هەمووشیەوە تەرخانکراوی خەرجی مانگانەی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە بە گوێرەی ئەو ژمارانەی لە ناو خشتەکانی بودجەدا جێگیرکراون لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

لە بڕگەی دووەمدا، لەلایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە، گفتوگۆ لەبارەی ڕەشنووسی ئەو پڕۆژە یاسا و پەیڕەوانە کرا کە تا ئێستا دەنگدانی کۆتاییان لە سەر نەدراوە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەویش بە ڕەچاوکردنی پلانی تەشریعیی کابینە کە لە هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری ئەم کابینەیەدا هاتبوون و لەم ڕووەوە، هەڵسەنگاندنی پێویست کرا لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییە. ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەکانی ڕاسپارد بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو پێشنیارەکانیان لەمبارەیەوە بخەنەڕوو.

لە بڕگەی سێیەمدا، گفتوگۆ لەبارەی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29 ی ساڵی 2012 ی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور – لجنة شؤون الشمال)ی هەڵوەشاوە تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک كرا.

ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور دەکات و دەستخۆشی لە دوا نووسراوی لیژنەکە دەکات بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی کورد و تورکمان و ڕاگرتنی نوێکردنەوەی گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ هاوردەکراوان، بەڵام لەمە گرنگتر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەیە بە کردارەکی و ڕاگرتنی خێرای هەموو ئەو ناڕەواییەی بەرامبەر بە جووتیارانی کورد و تورکمان دەکرێت لەو ناوچانە، کە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوویی نیە.
ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی وەزاریی تایبەت بە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ ڕاسپارد کە کۆبوونەوەی پێویست ئەنجام بدەن و بە هەماهەنگیی لە گەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچوونی خێرا بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لیژنەی فیدڕاڵیی تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد و تورکمان کە ڕێگرییان لێ دەکرێت.

بڕگەی چوارەم و کۆتایی خستنەڕووی بابەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و ڕێکارەکانی خۆپارێزی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و تەندروستی بوو.
لەمبارەیەوە، دارا ڕەشید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەوەکالەت و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ، لە دوو ڕاپۆرتی جیادا ، ڕێکارەکانی خۆپارێزی و سەلامەتیی هاووڵاتییان لە کاتی قوربانیکردنی ئاژەڵ لە سەروبەری نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان خرایەڕوو، ئاماژە بەوەدرا کە حکومەتی هەرێم هەر زوو بوودجەی پێویستی بۆ هەردوو وەزارەت تەرخانکردوو و هەڵمەتێکی بەرفراوانی هۆشیارکردنەوەش دەستی پێکردوە.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکارەکانی خۆپارێزیی هەردوو وەزارەت، لەهەمانکاتدا داوای لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەندبن بە ڕێنوێنی و ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی و بەتایبەتیش لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی ئایینی تایبەت بە قوربانیکردنی ئاژەڵ، تا سەلامەتی و تەندروستیان پارێزراو بێت.

Back to top button