ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێڕاق : ئەوەی هەندێ پەرلەمانتاری نەیار دەیکەن تەنها موزایەدەی سیاسیە بۆ شاردنەوەی شکستی سیاسی

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق ڕادەگەیەنێت “بەپێی ماددەی 117ی دەستووری عێراق هەرێمی كوردستان كیانێكی دەستوورییە، ئەوەی هەندێك پەرلەمانتاری كورد بە هاوكاری هەندێك لایەنی شیعە و سوننە داوا دەكەن تەنیا موزایەدەی سیاسییە و هیچی دیكە نییە”.

ئەشواق جاف، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی پارتی لەمبارەوە بە میدیاکانی حزبەکەی راگەیاندووە “ئەوەی هەندێك پەرلەمانتاری كورد بە هاوكاری هەندێك لایەنی شیعە و سوننە دەكەن، شتێكی تازە نیە، كاری هەندێك لە پەرلەمانتارانە كە نەیان توانیوە خزمەتی هاووڵاتیان بكەن، بۆیە لە كۆتایی هەر خولێك، لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن پەنادەبەنە بەر هێرشكردن بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بە حوكمی ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق ژینگەیەكی سیاسی تەندروست نیە، هەروەها لێپرسینەوەیەكی راستەقینە نیە، لەسەر كارەكانی هەر كاندیدێك كە دەچێتە پەرلەمان، لەلایەن ئەو دەنگدەرانەی كە خۆیان دەنگیان پێداوە، بۆیە دەبینین ئەو پەرلەمانتارانە خزمەتی هاووڵاتیان ناكەن”.

ئەشواق جاف دەشڵێت ”ئەگەر تەماشای خولەكانی رابردوو بكەین، دەبینین هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە، لە كۆتایی هەموو خولێك، یان لەو كاتانە كە دەڵێن هەڵبژاردن دەكرێت، بەڵام خۆیان دەزانن كە ئەوەی خۆیان داوا دەكەن هیچ راست نیە، هەروەها هیچ لەوانە یاسایی و دەستووری نیە، چونكە ئەو دەستوورەی كە ئەو پەرلەمانتارانەی هێناوەتە ناو هۆلی پەرلەمان، هەمان ئەو دەستوورە رێگا نادات تۆ مامەڵە بكەی لەگەڵ هەرێم وەكو پارێزگایەك، چونكە بەپێی ماددەی 117ی دەستووری عێراق هەرێمی كوردستان كیانێكی دەستوورییە، بۆیە ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە داوا دەكەن تەنیا موزایەدەی سیاسییە و هیچی دیكە نییە“.

Back to top button