ئەو شوێنانەی بەرگەی بومەلەرزە نەگرێت وەزیری ناوخۆی لێ ئاگادار دەكرێتەوە

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لەگەڵ بەشێك لە تیمی فریاگوزاریی حكومەتی هەرێم بۆ بەهاناوەچونی لێقەوماوانی بومەلەرزەكەی توركیا كۆبوەوەو گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێك كرا.
لە كۆبونەوەكەدا تیمی فریاگوزاریی هەرێم بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ رودانی هەر كارەساتێكی سروشتی بەتایبەت بومەلەرزە، هەندێك پێشنیازو راسپاردەیان خستەبەردەم وەزیری ناوخۆ.
دوای كۆبونەوەكە سەركەوت كاڕەش ئەندامی تیمی فریاگوزاریی حكومەتی هەرێم بۆ بەهاناوەچونی لێقەوماوانی بومەلەرزەكەی توركیا لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: لەگەڵ وەزیری ناوخۆ كۆبوینەوە تیشكخرایە سەر هەموو ئەو كارانەی كە لەماوەی رابردودا لە توركیا ئەنجام درابون، هەڵسەنگاندنێكی تەواو لەلایەن بەرگری شارستانی و ناوەندی قەیرانەكان بۆ بارودۆخەكە كرا، هاوكات هەموو ئەو پێشنیازو راسپاردانە خرانە بەردەم وەزیری ناوخۆ بۆ روبەڕوبونەوەی هەر ئەگەرێك.
وتیشی: وەزیری ناوخۆ تەئكیدی لەسەر جێبەجێكردنی هەموو خاڵەكان كردەوە لەماوەیەكی كورتدا، هاوكات هەمو كەلوپەل و پێداویستییەكان لەبەردەستدا هەن، لیژنەیەكیش پێكهاتوە ئێمە دیراسەی خۆمان دەكەین، ئەو شوێنانەی كە بەرگەی بومەلەرزە نەگرێت ئەوا وەزیری ناوخۆی لێ ئاگادار دەكەینەوەو رێكاری پێویست دەگیرێتەبەر.

Back to top button