ئەو مێردمنداڵانەی پەکەکە دەیانڕفێنێ ١٠ ساڵ لە جیهان دادەبڕێن

((خۆر))- تایبەت

ئەو مێردمنداڵانەی پەکەکە لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان هەڵیان دەخەڵەتێنێ بە بیرکردنەوەی ئایدۆلۆجیانە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دەبرێنە فێرگەکانی پەکەکە و بە تەواوی لە جیهانی دەرەوەی قەندیل دادەبڕێن، تەنانەت ناتوانن دایک و باوکی خۆیان لەو ماوەیەدا ببینن، دوای ئەوەش عەقڵیان دادەشۆرێت و هیچ سۆزێکیان نامێنێ، تەنانەت ڕق و کینە بەرامبەر بە خانەوادەکانی خۆیان دروست دەکەن.

چەکدارێکی پێشووی پەکەکە، کە ئێستا لە هەرێمی کوردستانە، بەناوی (ن.ب) بۆ ((خۆر)) رای گەیاند، ئەو لە تەمەنی ١٦ ساڵیەوە بووە بە پەکەکە تاوەکو تەمەنی ٢٦ ساڵی لە فێرگەکانی پەکەکە بووە، بەڵام لە تەمەنی ٣٢ ساڵی وازی لە پەکەکە هێناوە، گووتی ”لە ماوەی ١٠ ساڵ تەنیا فێری بەکارهێنانی چەک و خزمەتکاری و ڕق و کینە کرام“.

گووتیشی ”وام لێهاتبوو ڕقم لە دایک و باوکە کۆچکردوەکەم بوو، کە بە هەزار نەبوونی و دەردەسەری منیان گەورە کرد، منیش بەهۆی برادەری خراپەوە ڕۆژێک توڕەبووم و چوومە ناو پەکەکە، بۆ ١٠ ساڵ ئەو دایک و باوکم کە لە ژیاندا مابوو بە دەیان جار هاتنە قەندیل تەنیا بم بینن ڕێگەیان نەدا، دوای ١٠ ساڵەکە خۆم حەزم نەدەکرد بیان بینم کاتێک ڕێگەیان دا، چونکە ئەوەندە ڕقیان کردبوو بە دڵما، تاقەتی ژیانی ئاساییم نەمابوو، دواتر بە بیرکردنەوەی خۆم و لە ڕێگەی بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک  بە نهێنی، تێگەیشتم لەو سیاسەتە پوچەی پەکەکە و لە گوندێکی نزیک قەندیل هاتمەوە هەرێمی کوردستان و ئێستا ژیانی خێزانیم پێکهێناوە و هێندە دەستی دایکم ماچ کردوە تەنیا بۆ ئەوەی گەردەنم ئازاد بکات، بەڵام بە داخەوە باوکە قوربەسەرەکەم دوای گەڕانەوەم بە ساڵێک کۆچی کرد و نەمتوانی قەرەبووی بۆ بکەمەوە ئەوە بووە بە گرێیەکی گەورە لەسەر دڵم“.

ئەو چەکدارەی پێشووی پەکەکە، داوای لە گەنجان و مێردمنداڵان کرد بە قسەی درۆی پەکەکە بڕوا نەکەن، گووتی ”بەتەواوی بۆم دەرکەوت سەرکردەکانی پەکەکە پەیوەندیان بە ئێران و تەنانەت تورکیاشەوە هەیە و کاری قاچاخ و تلیاک و چەک دەکەن و جوانترین کچی دەبردرێ بۆ ئەوانە“.

Back to top button