ئەو نهێنییە گەورەیە چی بوو كە دڵشاد گەرمیانی ئاشكرای كرد؟! كێ بڕیاری كۆمەڵی بەدەستەوەیە؟

دڵشاد گەرمیانی، یەكێك لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵی ئیسلامیی جاران و كۆمەڵی دادگەریی ئێستا كە بە كەسێكی توندڕەوی نێو حزبەكە ناسراوە، لە نووسینێكدا چەندان نهێنی لەسەر كۆمەڵ ئاشكرا كرد كە بەشێك لەو نهێنییانە، زۆر گەورە بوون. 

ئەو دانی بەوەدا نا كە كۆمەڵ پێیوایە ئەگەر دژایەتیی لایەنێك بكات ئەوا دەنگی زیاتر دەهێنێت، بۆیە نایەوێت هیچ ناكۆكییەكی لەگەڵ ئەو لایەنە چارەسەر بكات نەوەكوو دەنگدەرانی كەمتر ببن. 

دڵشاد گەرمیانی ئەوەشی ئاشكرا كرد كە كۆمەڵی ئیسلامی بڕیارەكانی لەلایەنی دەرەكییەوە دەردەكرێت بە تایبەتیش ئەو بڕیارانەی لە دژی لایەنێك دەدرێن، هەروەك نووسیویەتی: ”بڕیاری بوێرانە پاککردنەوەی ڕیزەکانی خۆمان و دام ودەزگاکانمانە لە دەستی ئەملا و ئەولا و دەوروبەر، بۆ ئەوەی بڕیاری دۆستایەتی و دوژمنایەتیی هەر (کەس و لایەن و وڵاتێک) سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بیدات، نەک ‌ئەو دەستانە لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و فەیسبووکەوە پەلکێشمان بكەنە نێو شەڕی لابەلا و ستراتیژمان بشێوێنن!“.

دووپاتیشی كردۆتەوە كە هەندێك كەس لە نێو كۆمەڵ، هەموو شتێك لە پێناو گەیشتن بە پۆستی حزبی و حكوومی دەكەن و دەڵێت: ”بۆچی كۆمەڵمان دروست كرد؟ بۆ ئەوەی خوا لە خۆمان ڕازی بكەین؟ یان ئامانجمان ئەوە بوو کاری سەرەکیمان ببێتە هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ و هەر چوار ساڵ جارێک هەموو خەڵکە هەژار و ماندووەکەی خۆمان بکەینە خزمەتکار و سواڵکەری کۆکردنەوەی دەنگ و پەیژەی دەستخستنی کۆمەڵە پۆستێکی حکوومی و پەرلەمانی بۆ خەڵکانێک کە زۆربەیان شەڕ و هەڵپەیان بێت لەسەری بۆ گەشتن بە دونیای خۆیان! بەبێ ئەوەی هیچ سوود و بەرهەمێکی بەرچاویان نە بۆ دین نە بۆ دونیای خەڵکە هەژارەکەمان هەبێت، لەو پێناوەشدا پەرۆشی خەڵکانێکمان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان بگاتە ئاستێک بە چواردەوری حەرامکراوەکانی خودای گەورەدا کە بە دەقەکانی قورئان و سونەت ساڵەهای ساڵە بە مەحکەمی قوفڵ کراون، بگەڕێین و هەوڵی شکاندنی سنووری قەدەغەکراوەکان بە حەڵاڵکردنی هەندێ لە حەرامکراوەکان بەناوی کرانەوەوە بدەین و دواڕۆژی خەڵکەکەشمان بۆ دونیای خۆمان بخەینە مەترسییەوە؟“.

چاودێران پێیانوایە، دڵشاد گەرمیانی مەبەستی لە (كەسانی سەر بە ئەملا و ئەولا و دەوروبەری نێو ریزەكانی كۆمەڵ)، سۆران عومەر و ئەحمەدی حاجی ڕەشید و ئەو تۆڕە سیخوڕییەی سەر بە تاقمێكی خۆفرۆش و گرووپگەلی دیكەی نەیارن، هەروەها مەبەستیشی لە (دەوروبەر)، ئەو تۆڕەی نێو كۆمەڵی ئیسلامییە كە هەموو فەرمانەكانیان لە ئێرانەوە بۆ دەردەچێت و خۆیان هیچ بڕیارێكیان بەدەستەوە نییە

Back to top button