ئەگەر حکوومەتی عێراق دان بە وتەی ڕزگاربووانی دەستی داعشدا دانەنێت کێشەیەکی گەورە دروست دەبێت

بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش گوتی، وتەی سەرجەم ڕزگاربووانی بن دەستی داعش وەرگیراوە و پەسەندیش کراوە، ئەگەر حکوومەتی عێراق دانی پێدا نەنێت، کێشەیەکی گەورە دروست دەبێت و وا دەکات قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووان دوا بکەوێت، کە پێویستە پەلەی لێ بکرێت و ماوەی ساڵێکە بڕیاری قەرەبووکردنەوەیان دەرچووە.

بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، حوسێن قایدی، ڕایگەیاند: ”ماوەی ساڵێکە 25 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووانی دەستی داعش تەرخان کراوە، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوە، ئەمەش سستییەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ڕزگاربووان، چونکە کاتێک حکوومەتی عێراق یاسای قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووانی داعشی پەسەند کرد و بەڕێوەبەرایەتییەکی دامەزراند، دەبووایە بە زووترین کات ئەو کەیسانە یەکلایی کرابووایەنەوە و هەر یەکێک لەوانە دەبنە خاوەن مووچەی مانگانە، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت و مووچەیان پێ بدرێت و قەرەبوو بکرێنەوە و چارەسەری دەروونی بکرێن، ئەگەر پێویست بێت، بۆیە بڕیار دراوە کە وتەی ڕزگاربووان قبووڵ نەکرێت کە وەرگیراوە، خاڵێکی لە شوێنی خۆیدا نییە و داوا دەکەین چارەسەر بکرێت و وتەیان پەسەند بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەوانەی ڕزگارکراون و وتەیان لای ئێمە پەسەند کراوە.”

حوسێن قایدی گوتیشی: ”ئەو وتانە لە ڕزگاربووان وەرگیراوە و پەسەند کراوە، بۆیە ئەگەر دان بە وتەیاندا نەنرێت لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، کێشەیەکی گەورە دروست دەکات، چونکە کاتێکی زۆری پێویست دەبێت و کێشەی دیکەش دروست دەبێت، لەبەر ئەوەی 3 هەزار و 562 ڕزگاربوومان هەیە.”

بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش گوتیشی: ”لیژنە پێک هاتووە و هەر کەسێک پەسەندی نووسینگەی ڕزگارکراوانی لا بێت، لێی وەردەگیرێت و ناکرێت قبووڵ نەکرێت و دانی پێدا نەنرێت.”

Back to top button