بابەکر زێباری: تا هەموو هێزی پێشمەرگە یەکدەخرێت پرۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: پرۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو هەموو هێزی پێشمەرگە یەک دەخرێن ، دواتر لیواکان لە دوای دروستکردنی فیرقە دەکرێنە فەیلەق یاخود فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان.

ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بابەکر  زێباری، ڕایگەیاند: یەکخستنی 28 لیوای هێزی پێشمەرگە هەنگاوێکی گرنگە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت  بۆ  ئەوەی هەموو هێزی پێشمەرگە بەپێی بەرنامەیەکی دانراوە یەکبخرێت، بۆیە ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت و بەرنامەیەکی زۆر باشی بۆ دانراوە، هەردوو یەکەی 70و80 یەکبخرێن و بکرێنە لیوای هاوبەش ئەمەش وا دەکات هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە دروست بێت، هیچ کێشەیەک نییە و ناشبێت، چونکە سوورین لەسەر یەکخستنی هەموو هێزی پێشمەرگە.
بابەکر زێباری گوتیشی: هیچ کاتێکی دیارکراو نییە بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە لە کاتێکی دیاریکراودا تەواو یەکبخرێت، چونکە پرۆسەکە درێژخایەنە و پێویستی بە کات هەیە و ئاسان نییە، چونکە هێنانی پێشمەرگە لە ڕەبیەکان ئینجا ئامر سریە و ئامر فەسیلە و جێگرەکانیان و بردنیان بۆ مەشق و ڕاهێنان و پڕکردنەوەی شوێنەکانیان کاتی دەوێت، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک ڕێکدەخرێن و یەکدەخرێن.
زێباری باسی لەوەشکرد: دوای دروستکردنی فیرقە بڕیارە فەیلەق یاخود فەرماندەی ئۆپەراسیۆن دروست بکرێت، بەڵام میحوەرەکان هەر دەمینێن و بەو لیوا هاوبەشانەی دروست دەکرێن پڕدەکرێنەوە.

Back to top button