بابەکر زێباری :ھێزەکانی پاسەوانی زیاد دەکرێن،پەکەکە زمانی گفتوگۆ نازانن

راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی رایدەگەیەنێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەبارەی ناوچە سنوورییەکان لەسەر هێڵە و حکوومەتی عێراق بڕیارە ھێزەکانی پاسەوانی سنووری زیاد بکات و پێداویستیی زیاتر و چەکی زیاتریان بۆ دابین بکات، بۆ ئەوەی بتوانن ناوچە سنوورییەکان کۆنتڕۆڵ بکەن.

بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی، چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ پەکەکە زۆر زەحمەتە، چونکە خۆدەسەپێنن و خۆیان دەکەنە خاوەنی ھەموو شوێنێک، بۆیە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە زۆر زەحمەتە لەگەڵیان بتوانی گفتوگۆ بکەی بۆ چارەکردنی کێشەکان، چونکە نەک ناوچەکان داگیر دەکەن، بگرە رێگە نادەن خەڵکی ھەرێمی کوردستان بچێتەوە سەر ناوچەکانی خۆشی.

زێباری گوتیشی، دوو لیوای پاسەوانی سنووری ھەیە، ئەوانەی سەر بە عێراقن، بەڵام کەمە، بۆیە حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵە و بەڵێنی زیادکردنی ھێزەکانیان بۆ پاسەوانی سنووری داوە، کە پێداویستیی سەربازی و چەکیش بۆ ھێزەکان زیاتر دابین بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن رۆڵی خۆیان ببینن لە پاسەوانی سنوور، چونکە ئەو ھێزانەی ھەن، کەمن و پێویستی بە ھێزی زیاترە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، پەکەکە کۆمەڵێک ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکات و ئەوان چەکی بەکرێگیراون، بۆیە ئەوانە ھەر دەمێنن مەگەر بە شەڕ نەبێت، کە ئەوەش لە بەرژەوەندیی ھیچ کەسێکدا نییە، بەڵام بەداخەوە زمانی گفتوگۆ نازانن.

دەشڵێ، پەکەکە لێرە ناتوانێ ھیچ بکات، چجای باکووری کوردستان، بۆیە ئەوان بۆ خەبات نەھاتوون و تەنھا بۆ تێکدانی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان ھاتوون.

Back to top button