بارزانی لە چی بردیەوە؟

                   ئاسۆ حاجی

رێکەوتنی هەولێر و بەغدا دەربارەی پڕۆژە یاسای بودجە، بۆ خەڵکی کوردستان و قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان بەلایەنی کەم لە دوو لایەنی زۆر گرنگ کە هەردووکیان بە دەسکەوت و سەرکەوتن بۆ حکومەتی کوردستان و شاندی دانوستانکاری و لە سەرووی هەردووکیشیانەوە سەرۆکی حکومەت هەژمار دەکرێن.

یەکەمیان، چەمک و گوتاری رادەستکردن و خۆڕادەستکردنیان پوچ کردەوە کە ببووە گوتاری زاڵی ژمارەیەک پەڕلەمانتار و بەرپرسی کورد لە بەغدا کە لە کوردستانیش ژمارەیەک سیاسی بڕیار بەدەست و هەندێک بزاڤی سیاسی پاڵپشتیان دەکردن و کاریان بۆ سەرخستنی ئەو گوتارە دەکرد کە ئەگەر بە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان تەواو نەبووایە ئەوە ئەوەندە بێ هێز  دەبوو کە خۆزگە بە هەڵوەشاندنەوەی بخوازرێ، بەڵام پداگری و مکوڕی کەسی مەسرور بارزانی لەسەر ئەوەی کە هەولێر کار بۆ رێکەوتن دەکات نەک خۆڕادەستکردن هاوکێشەکەی پێچەوانە کردەوو.

دووەم، پرسی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەکی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتە قۆناغێکی نوێ و گرنگ کە وەک کارتێک لە دژی هەرێمی کوردستان لە دەستی نەیارانی ناوخۆیی و دەرەکی دەرهێندرا لەوەی وەک بابەتێکی چەواشەکاری بەکاربهێندرێ و چیتر وەک سەرچاوەی نەهامەتیەکان تەماشا نەکرێ وەک ئەوەی هەوڵی بۆ دەدرا.

هەروەها ئەو راستەقینەیە جارێکی دیکە بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و ناوخۆیش نیشاندرا کە هەرێمی کوردستان لایەنی چارەسەرە نەک گرفت دروستکەر، ئەوەشی کرد کە هێزە توندڕەوەکان بە تایبەتی شیعە لە عینادی سیاسی خۆی بێتە خوارێ و مل بۆ هێزی مەنتق بدا.

Back to top button