بارزانی نەمر لە دیدی چەند سەرۆک و روناکبیرو توێژەرانی بیانیدا!

((خۆر))-

بارزانی نەمر خاوەنی کۆمەڵێک خەسڵەت و مەرجەکانی سەرکردەیەکی بەھێزبوو بۆ بەدەستھێنان و زامنکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمان لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلەکەی، کە پێشتر لەسەر دەستی ھیچ لەسەرکردەکانی پێش زەمەنی بارزانی و سەردەمی ئەو بەدی نەھاتوون، ئەمەش وای لەجەماوەری خەڵکی کوردستان کرد کە بەژن و پیاوەوە ھەموو شتێک بەلاوە بنێن و لە بارودۆخی زۆر دژوار و ترسناکی گەورەدا دوای ئەو سەرکردە مەزنە بکەون، ھەربۆیەش پێناسەی سەرکردە ناودارەکانی جیھان بۆ زاتی بارزانی، جیا لەپێناسەی ھەر سەرکردەیەکی تری پێش خۆی، وەسفێکی تایبەت بووە..
سەرۆک جەمال عەبدولناسر، لەوەسفی بارزانیدا دەڵێت: بارزانی پیاوێکی زۆر بەھەیبەت بوو، چاوەکانی زۆر سەرنج ڕاکێش و بەرچاوبوون کە دەربڕینێکی پڕ ماناو زۆر بەھێزی دەبەخشیە ڕووخسارە ھۆشیارەکەی.
ڕوناکبیر و ئەدیبی میسری (محەمەد حەسەنێن ھەیکەل) دەڵێت: سیفەتەکانی بارزانی لەجۆری ئازایەتییە بێ وێنەکانی مێژوویە، کە مرۆڤ شەیدای خۆی دەکات. ئەو وەکو ڕابەرێکی پڕ ئەزموونی لێھاتوو بۆ شۆڕش لەدوای شۆڕشی ژیا دوور لەھەموو مەبەستێک جگە لە شکۆ و سەربەخۆی.
جۆرج ئێف ئێڵن، باڵیۆزی ئەمریکا لەئێران ساڵی ١٩٧٤ لەوەسفی بارزانیدا دەڵێت: بارزانی سەرکردەیەکی مێژوویی و تینوی ئازادییە. شۆڕشگێرێکە لەدژی زوڵم و ستەمدا.
ساڵی ١٩٧٣ لەکتێبی «شۆڕشی کورد» شیکەرەوەی سەربازی بەریتانی (مێجەر ئادگا ئۆبەلانس) دەڵێت: مستەفا بارزانی توانی لەڕێگای یەکەم دانپێدانانی یاساییدا مافی کوردەکان لە عێراق بەدەست بێنێت، ئەمەش یەکەم دانپێدانانی ئیقلیمییە بەمافە نەتەوەییەکانی کورد کەبووە سەرەتایەک بۆ شەرعیەتدان بەداوا ڕەواکانی گەلی کورد لەپارچەکانی تردا.
ڕۆژنامەنووس و توێژەری ئەڵمانی (د. کۆنتەر دێشنەر) خاوەنی کتێبی « نەوەکانی سەلاحەددینی ئەیوبی» لەپێناسەکردنی بارزانیدا دەڵێت: مێژووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەرکردیەکی وەکو بارزانی بەخۆیەوە نەدیوە، ئەو لەھەموو بارودۆخە سەختەکانی کوردستاندا ھەرگیز سازشی لەسەر کەڕامەت و بیروباوەڕەکانی نەکردووە.
بارزانی خاوەن ھزرێکی سیاسی زۆر پێشکەوتوو بوو کە یارمەتی دەرێکی باشی ئەو بوو بۆ چوونە ناو قوڵایی مەسەلەکان و گەیشتن بەئەنجامی کۆتایی یان بگاتە ناو دڵی ئەو بابەتەی کە بەردەوام لێی دەکۆڵیەوە.
ڕینێ مۆریس، بەڕێوبەری ڕۆژنامەوانی سەرۆک کۆماری پێشووتری فەڕەنسا فڕانسوا میتران دەڵێت: لەنێو ھەموو قارەمان و سەرکردە شەھیدەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد دا، بارزانی پێگەیەکی تایبەتی لای کوردەکان ھەیە. وێنەی ئەو لەماڵی زۆربەی کوردە سادەکانی تورکیا و یەکێتی سۆڤیەت و، لە نووسینگەی ڕۆژنامەنووسە بەناوبانگەکانی واشنتۆن ھەڵواسراوە. ژیانی بارزانی لەئەفسانە دەچێت و دەستکەوتە سەربازیەکانیشی کە لەمەیدانی جەنگدا بەدەستی ھێنابوون سەرچاوەی شانازیەکی گەورەیە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی کوردەکان بەدرێژایی مێژوو.

Back to top button