باشماخ و په‌روێزخان مه‌ترسی گەورە له‌سه‌ر ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستان دروست دەكەن

(((خۆر)) – شاڵاو عەلی

پسپۆڕانی بواری ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكەن، هەردوو مەرزی باشماخ و پەروێزخان لە سنووری سلێمانی، مەترسییان لەسەر ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستان دروست كردووە و بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ترسناک و درێژخایەنیش كاریگەری زۆریان دەبێت.

د.ته‌لعه‌ت محه‌مه‌د بۆتانی، پسپۆڕی ئاسایشی خۆراك له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی قاچاخچێتی لە مەرزەكانی باشماخ و پەروێزخان، رای گەیاند، ئەو پرۆسەی قاچاخچێتییە كاریگه‌ریی خراپ ده‌كاته‌ سه‌ر ئاسایشی خۆراك و هۆكاره‌ بۆ بڵاو بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی.

روونیشی كردەوە، لە هیچ كوێی دونیادا نەبووە كە بارهەڵگرەكان لە وڵاتێكی دیكەوە بهێندرێنە ناوەوە بەبێ ئەوەی دەرگاكانیان بكرێتەوە، ئەمە لە هەر كاتێكدا بێت مەترسییەكی جددی لەسەر تەندروستیی خەڵكی كوردستان دروست دەكات.

بە پێویستیشی زانی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی زیاتر بكات بۆ ڕێكخستنەوەی دەروازە سنوورییەكان و ڕێگەگرتن لە كاری قاچاخی كە لەم سنوورانەدا دەكرێن.

لە لایەن خۆشیەوە زیاد كاكه‌ ره‌زا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی جەختی كردەوە، ده‌بێت رێگری له‌و كاڵایانه‌ بكرێت كە له‌ هه‌ردوو مه‌رزی باشماخ و په‌رێزخانه‌وه‌ و بە ڕێگەی نایاسایی هاوردە دەكرێن، چونكە ‌به ‌قسه‌ی په‌رله‌مانتار و لێژنەكانی په‌رله‌مان، ئه‌م كاڵایانە مه‌ترسییان له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتیانی سلێمانی و كوردستان دەبێت، جگە لەوەی داهاتی مەرزەكان لە جێگەی ئەوەی بچێتە خەزێنەی حكوومەت، دەچێتە گیرفانی هەندێك كەسی دیكە.

داواشی لە لایەنەكان كرد، لەسەر هاوردەكردنی كاڵای ماوە بەسەرچوو و خراپ و مەترسیدار لە مەرزەكانی باشماخ و پەروێزخان، بێنە دەنگ.

پێشتر چەندانجار عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رای گەیاندووە كە ئەو بارهەڵگرانەی لە مەرزی باشماخەوە دەهێندرێنە نێو هەرێمی كوردستان، دەرگاكانیان ناكرێتەوە و كەس نازانێت چیان لەنێو دایە.

Back to top button