بانكی ناوەندی رێوشوێنی نوێ لەبارەی نرخی دۆلار دەگرێتەبەر

پارێزگاری بانكی ناوەندی رایگەیاند لەناوەڕاستی ئەم مانگە، چەند رێوشوێنێكی نوێ دەگرنەبەر لەپێناو سەقامگیركردنی نرخی دۆلار و رێگریكردن لەمامەڵەی نایاسایی بە دراوەكان. ئەمڕۆ یەكشەممە، عەلی عەلاقن پارێزگاری بانكی ناوەندی، لەگەڵ بەرپرسانی بانكە حكومی و ئەهلییەكانی عیراق كۆبووەوەو رێكارە نوێیەكانی پێڕاگەیاندن كە لەمەودوا دەنرێت بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دینارو دۆلار. بەپێی ئەو راگەیەندراوەكە كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بڵاوكراوەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا عەلی عەلاق رایگەیاند، لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا گوژمەی دووەمی رێوشوێنەكان دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە، كە خۆی لە كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی پرۆسەی فرۆشتنی دۆلارو حەواڵەكردن و سەقامیركدرنی نرخی دراوەكان، دەبینێتەوە. پارێزگاری بانكی ناوەندی جەختی لەوەكردەوە كە هیچ كۆت و بەندێكی ناوخۆیی و دەرەكی لەسەر حەواڵەكردنی دۆلارو فرۆشتنی كاش نابێت، گرتنبەری رێوشوێنەكانیش لەپێناو پاراستنی سیستمی بانكی و دارایی دەبێت، كە رێگری دەكات لە پرۆسە داراییە گوماناوییەكان و سپیكردنەوەی پارەو پارەداركردنی تیرۆر. عەلی عەلاق ئاماژەی بەوەكرد كە ئامانجیان لەو رێوشوێنانە، سەقامگیركردنی نرخی دراوەكان و گەیاندنیەتی بەو ئاستەی كە بانكی ناوەندی مەبەستیەتی، بۆئەوەی زیان بە هاووڵاتیان نەگات و بازاڕی ناوخۆیی لەڕووی نرخەوە سەقامگیر ببێت، هاوكات هۆشداریشی دایە بانكە ئەهلییەكان لە قۆستنەوەی دۆخی ئێستاو رایگەیاند، هەر بانكێك جموجۆڵی دارایی گومانلێكراو ئەنجام بدات، بەتوندترین شێوە سزا دەدرێت.

Back to top button