بایدن گڵۆپى سه‌وزى بۆ لێدان لە میلیشیاكان هه‌ڵكرد

ئه‌مریكا بڕیاریدا هێرشه‌كانى بۆسه‌ر حه‌شدى شه‌عبى‌و هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ى دیكه‌ زیاتر بكات كه‌ لایه‌نگرى ئێرانن، ڕاپۆرتێكى په‌یمانگه‌ى واشنتۆنیش بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كان ورده‌كاریی زیاترى له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراكردوه‌.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوەکان، ئیدارەی بایدن بەنیازە لەچەند ڕۆژی داهاتودا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر گروپە چەکدارییە شیعییەکانی لایەنگری ئێران لەسەر سنوری عێراق‌و سوریا (ئەلبوکەمال)‌و چەند شوێنێكى دیكه‌ش زیادبکات.

پەیمانگاکە بڵاویكردۆته‌وه‌، ئامانجی ئەمریکا لەزیادکردنی گورزە ئاسمانییەکان بۆسەر میلیشیا چەکدارییە عێراقییەکان بریتییە لەسەلماندنی توانای واشنتۆن لەبەرپەرچدانەوەی ئێران، هەرچەندە هێرشی ئەو گروپانە لەڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆسەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق ڕوو لەزیادبونیش بکات.

لەبەشێکی ڕاپۆرتی پەیمانگاکەدا هاتووە، “بەرپرسانی ئەمریکا وایدەبینن کە ئاستی بەرپەرچدانەوەی هێرشە موشەکیی‌و ئەو هێرشانەی لەڕێگای درۆنەوە دەکرێنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هێشتا کەمەو ئەوە بواری بەمیلیشیاکانداوە زیاتر ڕوو لەگرژکردنی دۆخەکە بکەن”.

ئەو بەرپرسانە هەروەک داوایانکردوە، ئیدارەی بایدن هەمان سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ پەیڕەو بکات، بەوەی پشت بەوەڵامی زۆر توندو ناهاوسەنگ ببەستێت، تاوەکو لەو ڕێگایەوە میلیشیاکان ناچاربکرێن بەئاگربەست‌و ڕاگرتنی هێرشەکان ڕازیی ببن.

پەیمانگای واشنتۆن دەڵێت:”شکستی حکومەتی عێراق لەجڵەوکردنی میلیشیاکان‌و بڕینی هاوکارییە داراییەکانیان  وادەکات عێراق ببێتە گۆڕەپانی جەنگی نێوان ئه‌مریكاو ئێران”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەرگریکردنی حکومەتی عێراق لەمیلیشیاکان‌و ڕازینەبون بەبەئامانجگرتنی پێگە موشەکییەکانیان، بابەتێکە هەم  شایانی توڕەبون‌و هەمیش مایەی گاڵتەجاڕیە

Back to top button