برایەکی موسەنا ئەمین دەبێتە بەرپرسی دەزگای زانیاری

دوای ئەوەی محەمەد تاڵەبانی برای ئاڵا تاڵەبانی و بەرپرسی دەزگای زانیاری کە لە کوتلەی لاھور جەنگی بوو لە پۆستەکەی دور خرایەوە، ئەژی مەلا ئەمین برای موسەنا ئەمین وەک بەرپرسی دەزگای زانیاری دەستبەرکار بووە.

 بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵگرییەکان، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت کە ماڵی مام جەلال بڕیاریان داوە چیتر نابێت کوڕەکانی شێخ جەنگی بۆ مەرامی شەخسی و کەسی خۆیان ناوی تاڵەبانی بقۆزنەوە کە بونەتە هۆی ئەوەی حیزب لای جەماوەر و خەڵکی کوردستان متمانەی نەمێنێت و گومان لە رابردو و مێژوی ئەو حیزبەش بکەن بەهۆی ئەوەی کوڕانی شێخ جەنگی لەژێر چەتری ناوی تاڵەبانیدا خەریکی قاچاخچێتی و بازرگانیکردنن بە مادەی هۆشبەر و دزیکردن و سەرانەسەندنی بەزۆر و لە نێوشیاندا خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر کە ئەندازیاری ئەو خیانەتە بون.

ئەو کار و کردەوانەی لاهور و براکانی دەیکەن بوەتە هۆی مەترسی لەسەر ماڵی تاڵەبانی و ناوبانگێکی خراپ بۆ یەکێتی، کە تەنها بەرژەوەندیی خێزانیی خۆیان کوڕانی شێخ جەنگی لەبەرچاو دەگرن و گوێ بە لێکەوتەکانی ئەو کارانەیان نادەن کە زۆر خراپ بەسەر یەکێتیدا شکاوەتەوە، بە جۆرێک خودی ماڵی تاڵەبانی پەراوێز خراون لەگەڵ چەندین سەرکردە و پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی وەک (کۆسرەت رەسوڵ و کوڕەکانی، مەلا بەختیار، ئەرسەلان بایز، عەدنان موفتی و چەندین سەرکردەی تری ئەو حیزبە.

تاکڕەوییەکانی لاهور بە رادەیەکە وتبوی ئەوەی خۆم پێم خۆشە و بۆ من باشە دەیکەم و لام گرنگ نیە چی لەسەر حیزب دەکەوێت. بێگومان کاتێکیش بەرژەوەندی کەسی پێش بەرژەوەندی گشتی و حیزب دەکەوێت، ئیتر قاچاخچێتی و کاری نایاسایی و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەبێتە پیشەی سەرەکی لاهور و براکانی، ئەنجامەکەشی ئەو رەوشەیە کە لە سلێمانی هاتوەتە گۆڕێ. 

هەر ئەم کار و کردەوانەشی وایکردووە کە سەرکردەکانی ئەو حیزبە لەو هەڵسوکەوتانەی توڕەو نیگەران بن و هەڵوێستی خۆیان بە شێوەی جیاواز دەرببڕن، تا ئەوەی ئێستا ماڵی تاڵەبانی دەیانەوێت سنورێك بۆ ئەو تاکڕەوی و کارانەی دابنێن بە دورخستنەوەی ئەو کەسانە لە پلە و پۆستەکانیان کە لە لاهورەوە نزیکن.

Back to top button