برێت ماکگۆرک، قەیسەرەکەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین

ھۆشیار سیوەیلی

ئەم نازناوەی سەرەوە بۆ برێت مەکگۆڕک حەفتەیەک لەمەوبەر لە وتارێکی گۆڤاری فۆریەن پۆلیسی ئەمەریکی ئاماژەی پێدراوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ماوەیەکی زۆرە ماکگۆرک ڕاستەوخۆ تێکەڵاوی ناوچەکەیە و ئەوەش دەگەیەنێت کە سیاسەت و بۆچوونەکانی ئەم بەرپرسە دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین کاریگەریی زۆریان لەسەرئیدارەی نوێی ئەمەریکا و خودی سەرۆکی ئەمەریکا دەبێت.

ماکگۆرک لە ڕۆژهەلاتی ناڤین ناسراوە و ئەمە چوارەم ئیدارەی ئەمەریکییە کە بە پلە وپێگەی جیاواز کاریان لە گەڵدا دەکات. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٤ دا ڕاوێژکاریی دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان بوو لە بەغدا و ڕۆڵی لە داڕشتنی دەستووری کاتیی عێراق دا هەبوە. لە ساڵی ٢٠٠٥ گوێزراوەتەوە بۆ واشینتۆن و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆتە بەڕێوەبەری بەشی عێراق. دوا پۆستی لە ئیدارەکەی سەرۆک ترامپ بریتی بوو لە نوێنەری تایبەتی سەرۆک لە جەنگی دژی داعش. کەواتە بۆ ماوەی ١٧ ساڵە لە نزیکەوە کار لەسەر ئەم ناوچەیە دەکات ولە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ولاتەتەکەی لەم ناوچەیەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبوە. سەرۆکی نوێ جارێکی ترهێنایەوە و کردییە بەشێک لە تیمی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و فایلی ئاڵۆزترین ناوچەی جیهانی خستۆتە بندەست و بۆتە ڕێکخەری کارووباری ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفەریقا لە ناو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی. 

ڕەنگە ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئەولەویەتی یەکەمی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک بایدن نەبێت و ڕەنگە سیاسەتی دەرەوەی لە زۆر ڕوەوە جیاوازی زۆری لەگەڵ سەردەمی سەرۆک ئۆبامادا نەبێت، بەڵام گەر حەزیش بکات ئەستەمە بتوانێت ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە چەقی بایەخی ئەمەریکا دووربخاتەوە و ئەوەی ڕۆڵی لە دیاریکردن و ئاڕستەکردنی سیاسەتی ئەمەریکادا دەبێت برێت ماکگۆرک و تیمەکەی دەبن.

ماکگۆرک چەندین کەسی شارەزا و پیشەیی هێناوەتە ناو تیمەکەی کە هەموویان شارەزایی و ئەزموونی دووردرێژیان دەربارەی ناوچەکە هەیە و بەشیکیشیان پێشتر لە گەڵ خودی ماکگۆرک کاریان کردوەو لە داڕشتنی ستراتیژی نوێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕۆڵیان دەبێت. لەوانەی لە گەڵ ماکگۆرک کار دەکەن زوهرە بێڵ، بەڕیوەبەری بەشی عێراق و سوریا کە پێشتر لە باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و تیمی ئەو وڵاتە بۆ هاوکاری ئۆپۆزیۆسۆنی سوریا کاری کردوە و سام پارکەر بەڕێوەبەری بەشی ئێران. بە شێوەیەکی گشتی هەڵوێست و بۆچوونەکانی ماکگۆرک دەربارەی کورد باشە و چاوەڕدەکرێت پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان بە بەهێزی بمێنێتەوە.

Back to top button