بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی په‌كه‌كه‌ بووه‌ته‌ كێشه‌ بۆ كوردستان

ئەندامێكی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان رای دەگەیەنێت، پەكەكە چەندان ساڵە بووەتە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان و خەڵكی ناوچە سنوورییەكان، ئیستیغلالی دۆخی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە لەوەی كە ددانی بە خۆیدا ناوە.

كەمال زراری ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، راگەیاند، پەكەكە دەمێكە لە ناوچەیەكی بەرفراوانی هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بووە، مافی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەی پێشێل كردووە، خەڵكی ناوچەكە ناتوانن ژیانێكی ئاسایی بەڕێ بكەن و تەنانەت ماڵ و ماڵاتیان بۆ كوێستانەكان بەرن.

بە گوتەی زراری، پەكەكە دۆخی ئێستەی هەرێمی كوردستانی قۆستووەتەوە و ئیستیغلالی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە، چونكە لە ماوەی رابردوودا چەندان جار كاری لەو شێوەیەیان كردووە و حكوومەتیش ددانی بەخۆیدا گرتووە، دەبوو پەكەكە پابەند بێت بە پاراستنی هەرێمی كوردستان.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی بزووتنەوە روونی كردەوە، هەر شەڕێك روو بدات هەمووان تێیدا زیانمەند دەبن، پەكەكە باكی بە تێكچوونی هەرێمی كوردستان نییە و رەنگە بە مەبەستیش ئەوە بكات، پەكەكە بەو كارانەی كە دەیكات ناوچەكە بەرەو شەڕێكی خراپ رادەكێشێت، ئەو ناوچانەی كە چەندان ساڵە داگیری كردوون، دەبێ چۆڵیان بكات یان لانی كەم رێگری لە خەڵكی ناوچە گوندنشینەكان نەكات.

Back to top button