بشار مشیر ئاغا: کار دەکەین بۆ ئەوەی پەتاتە هەناردەی وڵاتانی کەنداو بکرێت

سەرۆکی کۆمەڵەی هەرەوەزی ئاودێر بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان گوتی: لە چوار چێوەی هەناردەکردنی بەرهەمی کشتووکاڵی بۆ وڵاتانی کەنداو کار دەکرێت بۆ ئەوەی پەتاتە هەناردە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش کونسوڵی ئیمارات سەردانی کردین تا لە نزیکەوە ئاگاداری بەرهەمی پەتاتە بێت.

سەرۆکی کۆمەڵەی هەرەوەزی ئاودێر بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان،  بشار مشیر ئاغا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان  پلانی هەیە بۆ پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی، لەم پێناوەشدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان حکوومەتی هەرێم و ئیمارات هەیە بۆ هەناردەکردنی هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ ئەو وڵاتە، بۆیە کونسوڵی گشتی ئیمارات سەردانی دەڤەری ئێمەی کرد لە دەشتی ناوکور تا لەنزیکەوە  بەروبومی پەتاتە ببینێت و بچێتە ناو لیستی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی  هەناردی وڵاتانی کەنداو دەکرێن، بەتایبەت ئیمارات کە خواستێکی زۆریان لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێم هەیە، ئەمەش دەرفەتێکی نوێیە و بازاڕێکی دیکەیە بۆ پەتاتە کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی زیادی کردووە.

بشار مشیر ئاغا کە هاوکات جوتیارێکی نموونەییە گوتی: ئەو هەنگاوە زۆر گرنگە  له قازانجی جوتیاران دایە و ئێستا کاری لەسەر دەکرێت، هەرچەندە ئەمساڵ هەندێک کاتەکە درنگە و کاتی هەڵکەندنی پەتاتەیە، بەڵام پێویستە ساڵی داهاتوو بەشێوەیەکی باش و سەردەمیانە پەتاتە بەرهەمبێنین، ئێستا کارگەی باشمان هێناوە ساڵی داهاتوو دەست بە کاردەکەن، هیوادارم بتوانین بەرهەمێکی باش بخەینە بازاڕەکانی کەنداو، هاوشێوەی بەرهەمەکانی ئەوان.

Back to top button