بودجە بۆ تەواوکردنى پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى دەربەندى ڕانیە دابین دەکرێت

گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى ڕاپەڕین ئاشکراى کرد، دواى ئەوەى بەهۆى نەبوونى بودجەوە کارەکانى وەستابوو، حکوومەتى هەرێمى کوردستان بودجەى بۆ تەواوکردنى پڕۆژەى ستراتیجى ئاوى خواردنەوەى دەربەندى ڕانیە تەرخانکرد.

عەبدولکەریم مەحمود، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى ڕاپەڕین  ڕاگەیاند: “ماوەى چەند ساڵێک پێش ئێستا پڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى دەربەندى ڕانیە کە پڕۆژەیەکى ستراتیجییە کەوتە بارى جێبەجێکردنەوە،بەڵام بەهۆى قەیرانى دارایى و هۆکارى تەکنیکیەوە پڕۆژەکە وەستا”.

گوتیشى: “دواى داواکاریمان بۆ دابینکردنى بودجە و تەواوکردنى کارەکانى، خۆشبەختانە حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندى لەسەر داواکەمان دەبڕى و بودجەى تەواوکردنى کارەکانى پڕۆژەکەى تەرخانکردو لە ئێستەدا کەوتووەتەوە بارى جێبەجێکردن”.

باسى لەوەشکرد: “بەتەواوبوونى پڕۆژەکە کێشەى ئاوى خواردنەوەى ناو شارى ڕانیەو چوارقوڕنەو حاجیاوا چارەسەر دەبێت و بەوەش یارمەتیدەرێکى باش دەبێت لە ئاوەدانبوونەوەى زیاترى هەموو ئەو شوێنانە، ئەمەو بۆ ئاوى ژێر زەویش سوودى تایبەتى خۆى دەبێت چونکە ئەوکات بەکارهێنانى ئاوى بیرەکان کەمتر پشتى پێدەبەسترێت”.

Back to top button