بووك و زاوایەك لەناو نەخۆشخانەدا هاوسەرگیرییان کرد

پیاوێکی هیندی لە شاری “رامجانجماندی” لە ویلایەتی راجستانی هیندی هاوسەرگیریی لە نەخۆشخانە هاوسەرگیریی کرد، لە کاتێکدا بووکەکە چەند بەشێکی جەستەی شکابوو.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی “العربیة”، ئەو دوو هاوسەرە بەناوی بانکاج و مادۆ راسۆر ناچاربوون ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان لە نەخۆشخانە تەواو بکەن، بەهۆی ئەوەی بووکەکە لە شەوی ئاهەنگەکەدا لەسەر پلیکانە بەرببوویەوە و بەهۆیەوە چەند بەشێکی جەستەی شکابوو و سەریشی زیانی بەرکەوتبوو.

دوای روداوەکە خێزانی بووك و زاوا رێککەوتن لەسەر ئەوەی درێژە بە ئاهەنگەکە بدەن، ئەوانیش رازیبوون کە لە نەخۆشخانەدا هاوسەرگیریی بکەن.

بۆ ئەم مەبەستەش ژوورێکیان لە نەخۆشخانەکە گرت و رازاندیانەوە و مەراسیمی هاوسەرگیرییەکەیان تێدا ئەنجامدا، لەکاتێکدا بووکەکە لەسەر کورسی کەمئەندام دانیشتبوو و زاواکە پاڵی دەنا.

هەموو مەراسیمەکەش وەك هەر مەراسیمێکی ئاهەنگی ئاسایی بەڕێوەچوو و هیچ کەموکورتییەکی نەبوو، تەنها بووکەکە نەیدەتوانی لەسەر پێی خۆی بڕوات.

دوای ئاهەنگەکەش پزیشکەکان بە خێزانی بووك و زاواکەیان وت کە بووکەکە دەبێت چەند رۆژێکی دیکە لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە ئینجا بگەڕێتەوە بۆلای هاوسەرەکەی.

جێی باسە ئاهەنگی هاوسەرگیریی لە هیندستان مەراسیمی زۆری هەیە و چەند رۆژێك دەخایەنێت و بە ئامادەیی چەندین کەس بەڕێوەدەچێت هەندێكجار ١٠ هەزار کەس ئامادە دەبن.

Back to top button