بڕگەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لادرا

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ڕاگەیاندووە کە پێویستە سنووری پارێزگای هەڵبجە دیاری بکرێت، ئەوکات خوێندنەوەی سێیەمی بۆ بکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 30ـی 09ـی 2023 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەن کۆبووەوە و بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆ بڕگەی سێیەمی تەرخانکرابوو بە دەنگدان بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە.

سەڵاح بامەڕنی پەیامنێری (کوردستان تیڤی) پێی ڕاگەیاندین: محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ڕاگەیاند کە سنووری ئیداری پارێزگای هەڵەبجە دیاری بکرێ، پاشان لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی سێیەمی بۆ بکرێ.

پڕۆژەیاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە لە کارنامەی ئەمڕۆ لە چوار ماددە پێكهاتبوو، مادەی یەكەم، پارێزگایەک بە ناوی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستان – عێراق، دروست دەكرێت، بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگای ژمارە 19 لە كۆماری عێراق، سەنتەرەكەشی قەزای هەڵەبجە دەبێت. مادەی دووەم، دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سنوور و یەكە كارگێڕییەكانی پارێزگاكە دیاری بكات، لێژنەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاكان و لێژنەی یاسایی پێشنیازیان كردووە، كە سنووری كارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجە و یەكە كارگێڕییەكانی سەر بە پارێزگاكە بەپێی نەخشەی هاوپێچكراوی یاساكە دەبێت. مادەی سێیەم، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان بڕگەکانی ئەو یاسایە جێبەجێ بكەن، هەردوو لێژنەكە پێشنیازیان كردووە، “پێویستە وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەكان لە حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕگەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بكەن.”

Back to top button