بڕیاری مۆڵەت دان بە زەوی سندووقی چووە بواری جێبەجێکردن

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ھەولێر ئاشکرایکرد: بڕیاری پێدانی مۆڵەت بە زەوی سندووقی لەژێر جێبەجێکردن دایە و خەڵکێکی زۆریش سوودمەند بوونە لە بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ھەولێر  رایگەیاند: دوای پێداچوونەوە و کەمکردنەوەی نرخی ئەو زەویانەی سندووقین حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە چەند مەرجێک مۆڵەت بە زەوی سندووقی بدات، ئێستا بڕیارەکە لەژێر جێبەجێکردن دایە، ھەر ھاووڵاتییەک زەوی ھەیە تەجاوزە، بەڵام دەکەوێتە نێوان دوو خانوو دەتوانێت مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بەدەست بێنێ.

بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ھەولێر گوتیشی: لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو بەھۆی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی حکوومەت زۆر ھاووڵاتیی سوودمەندبوونە لە بڕیاری مۆڵەتدانی زەوی سندووقی و ڕۆژانە ھاووڵاتییان سەردانی شارەوانییەکان دەکەن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی دروستکردنی خانوو.

لەبارەی فراوانکردنی سنووری گوندەکان سەرتیپ خالید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێمە دوو جۆر گوندمان ھەیە ئەوانەی دەکەونە سنووری شارەوانییەکان بە ھیچ شێوەیەک سنووری ئەو گوندانە دەستکاری ناکرێت، بەڵام ئەو گوندانەی دەکەونە دەرەوەی سنووری شارەوانییەکان وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیار لەسەر فراوانکردنی حەرەمی ئەو گوندانە دەدەن.

Back to top button