بڵند ئیسماعیل: ئه‌وه‌ى وێنەی كوردستان له‌بەر چاوى ده‌وڵه‌تان ده‌شێوێنێت قاچاخچییەتی یه‌كێتییه

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتی و به‌رپرسى لقى 16ى پارتى  ڕاگه‌یاند: ”به‌داخه‌وه‌، حزبێكى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ق به‌خۆى ده‌دات دەستوەردان له‌ بڕیارى ده‌زگا دادوه‌رییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بکات. پێشینه‌ى مه‌ترسیدار له‌ بڕیارى دادگادا نییه‌، هه‌روه‌كو له‌ به‌یاننامه‌ى یەکێتیدا هاتووه‌، به‌ڵكو پێشینه‌ى خراپ له‌و دەستوەردان و هه‌ق به‌خۆدانه‌ى یه‌كێتی، گومان ده‌خاته‌ سه‌ر نه‌زاهه‌تى دادگاكان و بڕیارى دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كان“.

گوتیشى: ”كارى حزبى سیاسى دیاره‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت مه‌كته‌بى سیاسیى حزبێك هه‌ق به‌ خۆى بدات، كه‌ سه‌روه‌ریى یاسا پێشێل بكات و بڕیارى دادگا بخاته‌ ژێر پرسیاره‌وە و دام و ده‌زگاى دادوه‌رى بخاته‌ ناو ململانێی سیاسى. یه‌كێتى هه‌رگیز ناتوانێت ببێته‌ حزبێك، رێز له‌ بڕیارى موئه‌سه‌ساتیى حكوومه‌ت بگرێت و واز له‌ پاشاگه‌ردانى بێنێت“.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: ”پاڵپشتیى ده‌وڵه‌تانى جهانی به‌وه‌ مسۆگه‌رتر و زیاتر ده‌بێت، كه‌ حزب له‌ گۆڕەپانى دیاریكراوى خۆى چالاكیى بكات و ده‌ست وه‌رنه‌داته‌ ورد و درشتى كایه‌ى حوكمڕانى. له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى ئه‌وان باسى ده‌كه‌ن، ساڵانێكه‌ ده‌یان كه‌یسى یاسایی هاوشێوه‌ی هه‌رێم بڕیاریان له‌سه‌ر ده‌درێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌یسانە‌ى تایبه‌تن به‌ کاری تێکدەرانە و كاركردن دژى به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى و ئاژاوه‌ نانه‌وه‌، به‌ڵام هیچ حزبێکى سیاسی لەو وڵاتانە جورئه‌ت ناكات دەستوەردان بکات، چجای بگاته‌ كه‌یسى هاوشێوه‌ى كوردستان، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ كارى تێکدەرانە و ته‌نانه‌ت هێرشكردنه‌ سه‌ر کونسوڵ و دام و ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان“.

له‌كۆتاییشدا ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تیى پارتى ده‌ڵێت: ”ئه‌وه‌ى وێنەى كوردستان له‌پێش چاوى ده‌وڵه‌تان ده‌شێوێنت، ئه‌و شێوازەى كارى یه‌كێتییه‌، له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كارى دادگاكان و پاشاگه‌ردانى و قاچاخچیه‌تیى سنووره‌كان، بۆیه‌ باشتره‌ یه‌كێتى رێز له‌ بڕیارەکانى ده‌زگاكانى هه‌رێم بگرێت، كه‌ خۆى به‌شێكه‌ له‌ دروستكردنیان، نه‌ك خۆی به‌ بەدیل و ده‌مڕاستیان بزانێت“.

Back to top button