بۆچی ئەمەریکا دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدات؟

ئێستا پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە لە ئاستێکی باشدایە، شارەزایەکی سیاسییش لە ئەمەریکا دەڵێت، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا بەڕاستی زۆر بەهێز و گرنگن، ئەمەریکا وەکوو دۆست و لایەنگر و هاوپەیمان تەماشای سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکات و دەیەوێت لەگەڵ هەولێر پەیوەندیی ستراتیژیی هەبێت و، لە کۆبوونەوەکانیدا هەمیشە جەخت دەکاتەوە کە گرنگە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسایی بێت، چونکە ئەمەریکا پێی وایە هەرچەندی ئەم پەیوەندییە بەهێز بێت، لە بەرژەوەندیی ئەمەریکادا دەبێت.

د. سەلوان سنجاری، بەڕێوەبەری باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتۆن، ڕایگەیاند: ”پێویستە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێز بن، چونکە ئەمەریکا لە پرسی ئاسایش و سیاسیدا وەک پارتنەرێکی ستراتیژی تەماشای هەرێمی کورستان دەکات و پەیوەندییە ئابوورییەکانیشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر باشن، لەسەر ئەم بناغەیەش ئەمەریکا دەیەوێت زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدات و پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێریش لە بواری نەوت و بوارەکانی دیکەدا بەهێز بن.”

ئاماژەی بەوەش دا: ”واشنتۆن هەمیشە نیشان دەدات کە پشتیوانی لە هەموو چاکسازییە سیاسییەکان و نەهێشتنی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەسەنگ و بەهێز بێت، چونکە لە بەرژەوندیی ئەمەریکادایە و هەمیشە پشتیوانیی چاکسازیی دەکات و پەیوەندیی ئەمەریکا لەگەڵ هێزە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان باشە و، واشنتۆن دەیەوێت ئەو پەیوەندییانە بەهێز بکات و سەرکردایەتییەکی سیاسیی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان هەبێت و هەمیشە ئامادەیە کار بۆ لێک نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکات.”

”زۆر لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندایە بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتۆن و بەغدا کار بکات و ئاڵۆزی لە نێوان حزبەکاندا کەم بێت و لایەنە کوردییەکان یەک بۆچوونیان دەربارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەموو وڵاتان هەبێت، بەتایبەت لەگەڵ ئێران و تورکیا. هەروەها ئەمەریکا دەیەوێت ئەو پەیوەندییانە گونجاو بن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هێزی سەربازی و ئەمنیی هەبێت.” سنجاری وای گوت.

Back to top button