بۆچی نابێت بۆ دوو شەو لەسەر یەک بە هەمان جلی نوستنەوە بخەویت؟

زۆرن ئەو کەسانەی شەوانە هەمان جلی خەو لەبەردەکەنەوە، کە شەوانە دووبارە بەبێ ئەوەی بیشۆن پۆشاکەکە لەبەر دەکەن و پێوەی دەخەون، بەڵام زانایان سەلماندوویانە کە ئەم رەفتارە هەڵەیە و گرفتی تەندروستیی لێدەکەوێتەوە.

ماڵپەڕی برایتسایدی روسی ئاماژەی بە کۆمەڵێك لەو زیانانە کردووە تووشی ئەو کەسانە دەبێت بۆ چەند شەوێك هەمان جلی خەو لەبەردەکەنەوە، بەم جۆرە:

یەکەم: لە ژینگەیەکی نا تەندروستدا خەوت لێدەکەوێت، بەکتریا و خانەی مردوو دەکرێت لەسەر جلەکانت بنیشنەوە و زیان بە جەستەت بگەیەنن.

دووەم: میکرۆبەکان کە لەسەر جلی خەوەکەت کەڵەکە بوون، بگوازێنەوە بۆ سەر جلەکانی ئەندامانی خێزانەکەت.

سێیەم: کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر کوالێتی خەوەکەت، هەر چۆن سەرچەفی پاک و بەتانی پاک یارمەتیدەرن تا خەوێکی باشترت هەبێت و ئاسانتر پشوو بدەیت، بە هەمان شێوە جلی پاک یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی خەوێکی تەندروستت هەبێت.

چوارەم: ئەو کەسانەی هەستیاریی پێستیان هەیە، هەستیاریەکەیان زیاد دەکات لەگەڵ دووبارە و سێ بارە لەبەرکردنی هەمان جلی خەو.

پێنجەم: دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی زیپکە لەسەر پێست.

شەشەم: دەبێتە هۆی ناخۆشبوونی بۆنی جەستە.

حەوتەم: سیستەمی بەرگریت لاواز دەبێت، کاتێک هەمان جل بۆ چەندین شەو لەسەریەک لەبەر دەکەیتەوە، چونکە هەموو ئەو شەوانە سیستەمی بەرگریت لەگەڵ ئەو میکرۆبانە دەجەنگێت کە لەسەر جلەکان هەن.

Back to top button