بۆ ئەمساڵ ئامادەکارییەکانی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەستی پێ کردووە

وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە ئامادەکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ دەستی پێ کردووە کە لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵ دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئامادەکارییەک کراوە و پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم زۆر باش بێت.

دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانیی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق کرا کە لەلایەن کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازییەوە خرایە ڕوو و باسی لە ئەنجامی دواسەردانی بۆ بەغدا و گفتوگۆکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کرد بە مەبەستی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە دا کە لەم بارەیەوە گفتوگۆ و هەوڵەکانیان بەردەوامە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنە بەر و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو هەوڵێک بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی جووتیارانی کوردستان دڵنیا بن لەوەی کە بەرهەمەکانیان دەکڕدرێتەوە.

هەر لەم بارەیەوە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،ڕایگەیاند: ”هەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران دەستی پێ کردووە و لیژنەی باڵاش کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە و ئەمساڵ لە 1/6 گەنمی جووتیاران وەردەگرین، بەڵام لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەستیان بەوەرگرتنی گەنم کردووە وپارەی خۆشیان وەرگرتووە، جووتیارەکان، چونکە ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنم زۆر باش بیت و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیاتر دەبێت، بۆیە ئەمساڵ بەرهەمی گەنم زۆر باش دەبێت و ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە.”

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: ”بڕیارە بە هەمان نرخی ساڵی ڕابردوو گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت کە بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار دەبێت و وەکوو پێشتریش نییە نمرە یەک و دووی هەبێت، هەرچەند هەبێت وەردەگیرێت، ئەمەش وەکوو پاڵپشتییەک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەرهەمەکەیان ساخ بێتەوە.

Back to top button