بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە، بە تەواوی ئامادەکاری کراوە

 بەڕێوبەری کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک گوتی: لیژنەیەکی تایبەت لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆ بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە ئامادەکاری تەواومان کردووە، چونکە زۆرینەی ئەو بەرهەمانەی هەناردەی دەرەوە دەکرێن، ئەمساڵ لەسنووری پارێزگای دهۆکن.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوبەری کشتوکاڵ لە پارێزگای دهۆک،ڕایگەیاند: ئامادەکاری کراوە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە، لیژنەیەکی تایبەت هەیە خولی شارەزابوون بۆ جووتیار و ئەندازیارەکان دەکاتەوە کە چۆن پاکێجینک بکرێت، لەنووسینگەی سەرۆک وەزیران لیژنە هەیە لەگەڵ وەبەرهێنان و کۆمپانیا جیهانییەکان و بازاڕی دەرەوە ڕێککەوتن دەکات تا ئەوکاتەی بەرهەم پێدەگات هەناردە بکرێت.

ئەحمەد جەمیل گوتیشی: هەموو ئامادەکاریێکمان کردووە لەڕووی ئیداری وئاگادارکردنەوەی جووتیار و کردنەوەی خول بۆیان، ئەو ڕێنماییانەی بەئێمەدراون هەمووی جێبەجێکراون، چونکە 75% بەرهەمی بڕیارە هەناردەی دەرەوە بکرێت لە پارێزگای دهۆکە، وەکو ترێ، هەنجیر، سێو، هەنار، هەنگوین و چەند بەرهەمێکی دیکە.

جەمیل ڕوونیشی کردەوە: لە ناوچەکانی دیکە ئەو بەرهەمانە هەن، بەڵام زۆرینەی لە پارێزگای دهۆک هەیە، بۆیە ئێمەش گرنگی تەواومان پێداوە و خۆشمان زۆر باش بۆ هەناردەکردنی ئامادە کردووە، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێکی یەکجار گرنگ و پاڵپشتییەکی گەورە بۆ جووتیارانی خۆمان.

بڵند ئیبراهیم

Back to top button