بێوار خنسی: پێویستە یاسای نەوت و غاز بکرێتە بنەما بۆ ئیدارەدانی کەرتی نەوت و غاز

شاندی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی کەرتی نەوت و غاز کۆ بوونەوە و بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، پێویستە یاسای نەوت و غاز دەربکرێت بە ھاوبەشی لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ ئیدارەدانی کەرتی نەوت و بکرێتە بنەمایەک بۆ ئیدارەدان و ڕێکخستنەوەی ئەو کەرتە.

د. بێوار خنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وزە ڕاگەیاند: “یەکێک لەو کەرتانەی پێویستە عێراق پێداچوونەوەی بۆ بکات، کەرتی نەوت و غازە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە لە ماوەی شەش مانگدا بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی پارێزگاکان و ھەرێمی کوردستان یاسای نەوت و غاز ئامادە بکرێت، چونکە یاسای نەوت و غاز دەبێتە ھۆکاری ڕێکخستنەوە و ئیدارەدانی کەرتی نەوت و غاز لە ھەموو ھەرێم و پارێزگاکان.”

ڕاوێژکارەکەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران گوتیشی: “ھەرێمی کوردستان ھەموو کات ئامادەکاریی پێشان داوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوت و غاز، بەڵام زۆر جار ھەوڵ دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک لە عێراق و ھەندێ لایەن دژایەتیی چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکان دەکەن.”

د. بێوار خسنی ڕوونی کردەوە: “بڕیارە لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغدا و پارێزگاکانی عێراق دروست بکرێت و پڕۆژەیاسای نەوت و غاز ئامادە بکرێت، دواتر لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر بدرێت و ببیتە بنەمایەک بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت، بەداخەوە ھەندێ ھێزیش ھەن لە عێراق دەرکردنی یاسای نەوت و غاز بە زیان بۆ خۆیان دەزانن و لەگەڵ دەرکردنی یاسای نەوت و غاز نین تا بە ئارەزووی خۆیان کەرتی نەوت بەکار بێنن.”

Back to top button