بێ ڕێزیەکەی دەولەت باخچەلی سەرکۆنەکرا

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

لێدوانێکی دەولەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەژاد پەرستی تورکیا سەبارەت بە نەخشەی کوردستانی گەورە ، لەلایەن کۆمەڵگای کوردیەوە سەرکۆنەکرا.

دوای سەردانەکەی پاپا فڕانسیس بۆ عێڕاق و ھەرێمی کوردستان ، چەند کەسێکی بەھرەمەند پولێکی داراییان پێشنیار کرد بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە بەکار بھێنرێت ، بەھۆی بونی نەخشەی کوردستانی گەورە لەسەر پولەکە ھەر یەکە لە ئێران و تورکیا بەدەنگ ھاتن و بە پێشێل کردنی سەروەری وڵاتەکانیان ناوبرد ، بەشێوەی دیپلۆماسی ئەم ناڕەزایەتیان دەربڕی ، لە بەرامبەردا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەی دا.

دەولەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەژاد پەرستی تورکیا لە کۆبونەوەیەکدا بێ ڕێزیی کرد بەرامبەر بەو نەخشەیە و ڕای گەیاند کە نەخشەی کوردستان لە بن پێی ئەوانە ، لەبەرامبەردا چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی کوردستان سەرکۆنەی لێدوانەکانی باخچەلیان کرد و بە کەسێکی دەروون نەخۆش ناویان برد ، لەوبارەوە سەعید سەڵاح چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی بە (( خۆر )) ی ڕاگەیاند ” دوای سەرکۆنەکردنی ئەم لێدوانەی سەرۆکی پارتی نەژاد پەرستی تورکی ، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە باخچەلی کەسێکی دەروون نەخۆشە و ھەمیشە بەشێوەیەک قسەدەکات کە نەسلی ھیتلەر بێت ” .

ھەر لە وەڵامی باخچەلیدا شاڵاو سەفین چاودێری سیاسی لە والی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی ” باخچەلی بەم لێدوانەی ئەوەی سەلماند کە پارتەکەی ھۆکاری چارەسەرنەبونی کێشەی کوردن لە باکوری کوردستان ، لێدوانەکەیشی بێ ڕێزی کردنە بە مێژووی سەد ساڵەی عوسمانیەکان ، چونکە ئەم نەخشەیە بۆیەکەمجار لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوو کێشرابو و دانی پێدانرابو ، بۆیە ڕەنگە وەک عەلمانیەک ئەو ویستبێتی لە مێژووی شەش سەد ساڵەی عوسمانیەکان بدات “.

Back to top button