بەردی بناخەی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی ڕێگای هەولێر – خەبات دانرا

بە سێ قۆناخ و لەماوەی 5 مانگدا، ڕێگا بازرگانییەكەی نێوان پارێزگای هەولێر و قەزای خەبات نۆژەندەكرێتەوە، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بەمزووانە دەست بە كارەكان دەكرێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە 16ـی نیسانی 2023، بەردی بناخەی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی ڕێگای هەولێر – خەبات دانرا و بەپێی زانیارییەكان، تێچووەكەی سێ ملیار و 842 ملیۆن دینارە.
دووریی نێوان پارێزگای هەولێر و قەزای خەبات، 35 كیلۆمەترە و ئەو ڕێگایە بەهۆی هاتووچۆی بەردەوامی بارهەڵگرەكان، بووەتە ڕێگایەكی بازرگانی و هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆك و مووسڵ بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
بەپێی گوتەی پارێزگاری هەولێر، كارەكانی پڕۆژەكە لەماوەی 5 مانگدا تەواو دەكرێن و لەمزووانەش دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ باشتركردنی دۆخی ڕێگاوبان و ئاسانكاریكردن بۆ شۆفێران، بەردەوامە لە جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژییەكانی ڕێگەوبان و ئەو هەوڵانەشی تەنیا بۆ شەقامەكانی ناوەوەی شارەكان نییە، بەڵكو ڕێگاكانی دەرەوەی شارەكانیش دەگرێتەوە.

Back to top button