بەرپرسانی یەكێتی سلێمانی دەكەن بە شاری قومارخانە و دەیان كەس تووشی ئیفلاس دەكەن

بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بە تایبەتیش تاقمەكەی لاهوور جەنگی، بە پێچەوانەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەم كارەی قەدەغە كردووە، سلێمانی دەكەن بە شاری قومارخانە و دەبنە هۆی مایەپووچكردنی دەیان كەس.

هەرچەندە زیاتر لە پێنج ساڵە وەزارەتی ناوخۆ پێدانی مۆڵەتی قومارخانەی ڕاگرتووە، كەچی بەرپرسانی یەكێتی و بە تایبەتیش ئەوانەی پیاوی نیو سەرۆك لاهوور جەنگین، لە دەوروبەری چیای ئەزمەڕ و لە سەرچنار و هۆتێلە ناسراوەكانی نێو سەنتەری سلێمانی، كۆمەڵێك قومارخانەیان كردۆتەوە و تێیدا وێڕای قوماركردن، ئاسانكاری بۆ كاری لەشفرۆشیش دەكرێت.

لەو قومارخانانەدا شەوانە كەسانێك پارەیەكی زۆر دەدۆڕێنن و بەرپرسانی یەكێتیش پارەیەكی زۆر دەبەنەوە، بەم هۆیەشەوە زیانێكی زۆر بە خەڵكی گەیشتووە و دەیان كەس مایەپووچ بوون. 

بەپێی زانیارییەكانی (خۆر)، بەهۆی بێدەسەڵاتییان بەرامبەر بە تاقمە خۆفرۆشەكەی لاهوور جەنگی، ئیدارەی خۆجێیی سلێمانی، هیچ ڕێوشوێنێكی بۆ داخستنی قومارخانەکانی شارەكە نەگرتۆتە بەر، بگرە تا بۆیان كرابێت، ناچاربوون ئاسانكاریشیان بۆ بكەن!

زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە بەشێك لەوانەی هاتوچۆی ئەو قومارخانانەیان كردووە، ئۆتۆمبێل و پارە و خانوویان دۆڕاندووە و بەم هۆیەشەوە مایەپووچ بوون، لە ئەنجامیشدا تەنانەت ژیانی خێزانی و كۆمەڵایەتییان كەوتۆتە دژوارییەوە و وێرانبوون.

لەمبارەیەوە یاسین خزر، ئەندامی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان رای گەیاندووە، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی لێژنەكەیاند قسە لەسەر ئەم بابەتە دەكات، دواتر بەدواداچوون بۆ قومارخانەکان دەکەن.

Back to top button