بەرپرسێکی پارتی: لە ڕۆژی دەنگدان دەیسەلمێنین پارتی خاوەنی چ جەماوەرێکە

بڵند ئیسماعیل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی گوتی: ”داواکاریی سەرۆک بارزانی کاریگەرە و کاریگەریی لەسەر قاعیدەی پارتی ھەیە و ھاندانێکە بۆ ئەوەی خەڵک بەشدار بن لە ھەڵبژاردندا کە مافی خۆیانە و دەنگیش بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کورستان بدەن، چونکە ئەو ھەڵبژاردنە گرنگە و پێویستە کار بکەین تاکوو کادیرانی خۆمان بە جۆشوخرۆشەوە بێنین بۆ ئەوەی زیاتر بەشدار بن و ژمارەی کورسی و دەنگیش زیاد بێت، لەبەر ئەوەی پارتی حیزبی حوکمڕانە، گلەییش زیاتر لە پارتی دەکرێت، کەچی زۆرینەی لایەنەکان وا ھەست دەکەن خەڵک سەبارەت بە ھەندێک کەموکووڕی لە پارتی نیگەرانن، بەڵام کە دەبێتە ھەڵبژاردن و سەرۆک بارزانی وتەیەک پێشکەش دەکات و پەیامی دەبێت، جارێکی دیکە بە فەرمانی سەرۆک بارزانی خەڵک دێنەوە پێشەوە و بەشداری لە ھەڵبژاردندا دەکەن”.

بڵند ئیسماعیل گوتیشی: ”بێگومان لە١٠ی ١٠ دەیسەلمێنین کە پارتی خاوەنی چ جەماوەر و قاعیدەیەکە لە ھەرێمی کوردستان”.

ئیسماعیل باسی لەوەش کرد: ”سەرۆک بارزانی بەردەوام وەکوو مەرجەعی کورد و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مافی خۆیەتی ھانی ئەندام و لایەنگرانی پارتی بدات کە بەشداریی ھەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن.”

گوتیشی: ”ئێمە بە گەرموگوڕی دەستمان بە بانگەشە کردووە و وەکوو لە پەیامی سەرۆک بارزانییشدا ھاتووە، بانگەشەی چڕوپڕ دەکەین، بەڵام بە شێوەی ھێمن دەبێت و کەس ئەزیەت نادەین و کێشەش بۆ کەس دروست ناکەین و بانگەشەکە لە کاتێکی گونجاودا دەکەین.”

Back to top button