بەشی هەڵبژاردنی پارتی: بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئامادەین

بڕیاردەری بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئامادەین، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاریمان کردووە، بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

بڕیاردەری بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، نیازی حەمە عەزیز، ڕایگەیاند: بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لە کۆمسیۆن دەردەچێت ئێمەش کاری لەسەر دەکەین، ئێستا ئێمە زیاتر سەرقاڵی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقین کە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەکو ڕاهێنانی جۆراوجۆر خۆمان ئامادە کردووە، بۆیە ئەوەی پێویست بێت ئێمەش کار و ئامادەکاری دەکەین، چونکە کۆمسیۆن بەپێی یاسای هەڵبژاردن ڕێنمایی خۆی دەردەکات هەنگاو بە هەنگاو کاری لەسەر دەکەن، ئێمەش لەگەڵ ئەوان دەڕۆین، بۆیە گرفتمان نییە و ئامادەین.
نیازی حەمە عەزیز گوتیشی: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەوەی پێویست بوو ئەنجاممان داوە و ئامادەکاریمان کردووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت دەنگی باش لەم هەڵبژاردنە بە دەست بێنین بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان لە کەرکووک و مووسڵ، بۆیە ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئامادەین هەرکاتێک ئەنجام بدرێن.

Back to top button