بەشی هەڵبژاردنی پارتی: لەکەرکووک بەرەو پێشچوونمان دەبێت و ئامادەکاری باش کراوە

بڕیاردەری بەشی هەڵبژاردنی پارتی ئاشکرایکرد: پارتی ئامادەکاری باشی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردوە و دەڵێ، لەکەرکووک بەرەوپێشچوون دەبێت لە دەنگەکانی پارتی.

نیازی حەمەعەزیز، بڕیاردەری بەشی هەڵبژاردنی پارتی ڕایگەیاند: لەگەڵ هەنگاوەکانی کۆمسیۆن پارتی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە، ئەمجارە بەرەوپێشچوون دەبێت لە دەنگەکانی پارتی، بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکووک.

بڕیاردەری بەشی هەڵبژاردن گوتیشی: لە سنووری ماددەی 140 پارتی دەیان کاندیدی هەیە بۆ هەڵبژاردن و لەکاتی دیارکراودا کەمپینەکانمان دەست پێدەکەین بۆ ناساندنی لیست و کاندیدانی پارتی کە پێکهاتەی جیاوازی تێدایە.

نیازی حەمەعەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو کێشە و ئاستەنگ بۆ کاندیدانی پارتی دروستکراوە، پێشبینی دەکەین لە هەڵبژاردنی داهاتووش لە کەرکووک و نەینەوا کێشە بۆ کاندید و کەمپینەکانی ئێمە دروست بکرێت، بەڵام پارتی وەک هەموو جارێک پەنا بۆ یاسا و کۆمسۆن دەبات، لەبەر ئەوەی پارتی هێزێکی کاریگەرە هەمیشە هەندێ هێزی عێراقی و کوردستانی کێشە و ئاستەنگی بۆ دروست دەکریت.

Back to top button