بەشەخۆراکێکی زۆر گەیشتووە و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت

بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی ئاشکرای کرد، خۆراکێکی زۆری بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان گەیشتووە و ئەمجارە نیسکی کەندەیش هاتووە.

ئه‌سیر غوره‌ێرى، وەزیری بازرگانی عێراق ڕای گەیاند: “بڕێکی زۆر لە مادده‌كانى بەشەخۆراکی مانگانە گەیشتووە و پێداویستییە خۆراکییەکان عەمبار دەکه‌ین و ئەوەی پێویستیش بێت دەدرێتە بریکارەکان.”

ئاشکراشی کرد: “بۆ یەکەمجار 10 کۆنتێنەری بارکراوی خۆراک و پێنج هەزار تەن نیسکی کەنەدی تایبەت بە بەرنامەی سەبەتەی خۆراکیش گەیشتوونەتە بەندەری ئوم قەسر.”

لای خۆیەوە نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان،  ڕایگەیاند: “ئەو بەشە خۆراکانەی وەزارەتی بازرگانی عێراق وەریان دەگرێت، بەشی هەرێمی کوردستانیش دەنێردرێت و دابەشی سەر هاووڵاتییان دەکرێت.”

ئاماژەی بەوەش دا: “ئیستا لە هەرێمی کورستان بەشی حەوتەمی ئارد و بەشە خۆراکی هەشتەم دابەش دەکرێت و پڕۆسەکەش بەردەوامە.”

نەوزاد شێخ کامیل ئاشکراشی کرد، بەردەوام ڕۆژانە ماددەکان دەگەنە کۆگاکان و دابەش دەکرێن.

پێشتر دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاندبوو: “بەشەخۆراكی هەشتەم لەنێو شار و دەورووبەر دابەش دەکرێت، برنج و زەیت نەهاتبوو، ئێستا ئەویش گەیشتووە، برنجەکە تایلەندییە و زەیتەکەش عێراقییە.”

روونیشی كردەوە، دابەشكردنی بەشەخۆراك لە شوێنە دوورەكان دەستی پێکردووە و بەشەخۆراكەکەش پێکهاتووە لە شەكر، زەیت، دۆشاوی تەماتە، برنج، لەتکە نۆك و نیسك.

دلێر عەبدولواحید دەنگۆیەکی ڕەتکردەوە و گوتی: “دەنگۆی مانگرتنی لۆرییەکانی گواستنەوەی خۆراک بۆ بریکارەکان ڕاست نییە، چونکە ئەگەر پارەكەیان زۆریش دوا بکەوێت، دوو مانگ جارێک لە لایەن بەغدا پارە دەدرێتە ئەو بەڵێندەرانەی، کە خۆراکی مانگانە دەگوازنەوە.”

Back to top button